ژمارەیەک راوێژکاری سەربازیی ئەمریکا گەیشتنە رۆژئاوای کوردستان

 ژمارەیەک راوێژکاری سەربازیی ئەمریکا گەیشتنە رۆژئاوای کوردستان
رۆژنامەیەکی عەرەبی بڵاویکردووەتەوە، کە ژمارەیەک ئەفسەر و راوێژکاری سەربازیی سوپای ئەمریکا، بۆ مەشقپێکردن بە شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە)، چوونەتە رۆژئاوای کوردستان.



بە پشتیوانیی ئەمریکا، هێزێکی سوری و کوردی لە رۆژئاوای کوردستان بە ناوی سوپای دیموکراتیی سوریا پێکهێنراوە، کە کاری هێرشکردن و رزگارکردنەوەی شاری رەققەی سوریا دەبێت لەژێر دەسەڵاتی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) و ئەمریکاش بەڵێنی مەشقکردن بەو هێزەی داوە.



لیژنەکانی هەماهەنگیی ئۆپۆیسیۆنی سوریا رایانگەیاندووە، کە بەشێک لەو 50 راوێژکارە سەربازییەی ئەمریکا، گەیشتوونەتە شاری قامیشلۆی رۆژئاوای کوردستان.



دوای هێرشی داعش بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و بەتایبەت شاری کۆبانێ، ئەمریکا بە فڕۆکە جەنگییەکانی، لە ئاسمانەوە پشتیوانیی یەپەگەی لە دژی داعش کرد و توانرا بە هاوکاریی هێزی پێشمەرگەی باشووری کوردستان، شاری کۆبانێ لەژێر دەسەڵاتی داعش دەربهێندرێتەوە.













باسنیوز
Top