وه‌حید باكۆزی: ئه‌وه‌ی بیه‌وێ خۆی له‌ شنگالدا بسه‌پێنێ لێی قه‌بووڵ ناكه‌ین

 وه‌حید باكۆزی: ئه‌وه‌ی بیه‌وێ خۆی له‌ شنگالدا بسه‌پێنێ لێی قه‌بووڵ ناكه‌ین
بەرپرسی لقی 17ـی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە شنگال ڕایگەیاند، هەندێک لایەن لە شنگال دەیانەوێت خۆیان بسەپێنن، لێیان قەبووڵ ناکەین و دژی دەوەستینەوە، هەروەها هەر هێزێک لە هەرێمی کوردستان دروست بکرێت، بەبێ ڕەزامەندی سەرۆکی هەرێم و حکوومەتی هەرێم، ئەوە بە نایاساییی دەزانین و لێ ناگەڕێین دروست بکرێت.

(وەحید باکۆزی) بەرپرسی لقی 17ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شنگال، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "هەندێک هێز دوای ئازادکردنی شنگال لەلایەن هێزی پێشمەرگە، بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی (سەرۆک بارزانی)، هاتوونەتە ناو شنگال و ئامادە نینە بچنە دەرەوە، دیارە ئەو کارەی ئەوان دەکەن بۆ ئەوەیە کە خۆیان بەسەر خەڵکی ناوچەکە بسەپێنن، ئەوەیش لە هیچ لایەنێک قەبووڵ ناکرێت، فەرمانگەکانی حکوومی دەبێت بە هەر شێوەیەک بێت بگەڕێنەوە بۆ حکوومەت، چونکە ئەم دامودەزگانەیە میرینە و دەبێت بە زووترین کات بگەڕێدرێنەوە بۆ حکوومەت، تا دەست بە کارەکانی خۆیان بکەن، چونکە ئەو وێرانکاریەی لە شنگال لە لایەن داعش ئەنجام دراوە، پێوست بەوە دەکات کە هەر چی زووە دامودەزگاکان بکەونە کار بۆ ئەوەی شنگال ئاوەدان بکرێتەوە و خەڵکی ناوچەکە بگەڕێنەوە.

ئەوەشی گوت: پێش ئێستایش هەندێک کەس لە شنگال هەوڵیان دا هێزێکی حەشدی شەعبی لە شنگال دروست بکەن، بەڵام وەک هەرێمی کوردستان، ئەوە سیستەمی جاشاتییە، ئەگەر نا هەر لایەنێک نیەتی ئەوەی هەبێت بەرگری لە خاکی کوردستان بکات، وەزارەتی پێشمەرگە هەیە، هەر هێزێک لە هەرێمی کوردستان دروست بکرێت، بێ ڕەزامەندی سەرۆکی هەرێم و حکوومەتی هەرێم، ئێمە ئەوە بە نایاساییی دەزانین و لێ ناگەڕێین دروست بکرێت و بێتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان."
Top