لایهنه پێوهندارهكانی خوێندنی باڵا پێوهست به زانكۆ تایبهتهكانی ههرێم كوبوونهوه
لەو کۆبونەوەیەدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێکەوتى (٢٥/١١/٢٠١٥) لە دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان بەڕێوە چوو، د. شێرکۆ میرزا مەنگوڕى سەرۆکى لێژنەى خوێندنى باڵاى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق و، د. بێریوان خەیلانى ئەندامى لێژنەکە و سەرۆکى زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان و، ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکانى دیوانى وەزارەتیش لەوێ بوون، گفتوگۆ لەبارەى لایەنەکانى ئەو پڕۆژەیاسایە کرا.
لە سەرەتای کۆبونەوەکەدا د. یووسف گۆران خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاگەیاند: "گفتوگۆکردن لەبارەى دانپیانان بە زانکۆ تایبەتەکاتى هەرێمى کوردستان لەلایەن وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى عێراقى بەشێکە لەو کێشانەى کە هەرێمى کوردستان لەگەڵ بەغدادا هەیەتى، گوتیشى ناتوانین بیر لە چارەکردنى ئەو کیشەیە بکەینەوە بەبێ ئەوەى بیر لە کیشەکانى دیکەش نەکەینەوە کە لە نێوان هەولێر و بەغدا هەیە.
هەر لە وتەکەیدا د.یوسف گۆران ستایشى ڕۆڵى سەرۆکى لێژنەى خوێندنى باڵا و ئەندامانى کورد کرد لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق کە لە پەیوەندى بەردەوامدان بۆ چارەکردنى ئەو کێشەیە، گوتیشى هەموو هەوڵەکانمان چڕکردۆتەوە تا ئەو کێشەیە کاریگەرى لەسەر داهاتوى زانکۆ تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان و خوێندکارانمان نەبێت، چونکە دانپیانەنان بە زانکۆ تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان لەلایەن حکوومەتى عێراقیەوە لەسەر ئاستى دەرەوەى کێشەى بۆ دروست کردووین.
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاشگەیاند: "وەک وەزارەت پێمان وایە دانان بەزانکۆ تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان بەپێى مادەکانى دەستوور لە دەسەڵاتى هەرێمى کوردستاندایە، بەڵام دەبێت جۆرێک لە هەماهەنگیمان لەگەڵ بەغدادا هەبێ، هیواشى خواست لە ڕێگەى ئەو کۆبوونەوەیە گفتوگۆیەکى جیددى بکرێ تا کۆمەڵێک پێشنیاز گەڵالە بکرێن و لەو پڕۆژەى یاسایە جێگەى بکرێتەوە کە تایبەتە بەزانکۆ تایبەتەکانى عێراق و ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق سەرقاڵى پەسندکردنیەتى.
لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، د. شێرکۆ میرزا مەنگوڕى سەرۆکى لێژنەى خوێندنى باڵا لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق وتەیەکى پیشکەش کرد، لە وتەکەیدا دواى ئەوەى کورتەیەکى لەبارەى کێشەکانى خوێندنى باڵا لە عێراق خستەڕوو، ڕاشگەیاند: "کۆمەڵێک کۆلێژ لە سنوورى دەسەڵاتى حکوومەتى عێراقى کراوەتەوە هیچ بنەمایەکى قانونی و مۆڵەتى کارکردنیان نیە، بۆیە بۆ ڕێکخستنەوەى خوێندنى تایبەت لە عێراق ماوەى ساڵێکە سەرقاڵى ئامادەکردنى ئەم پڕۆژەیاسایەین تا بەهۆیەوە گرفتى خوێندنى تایبەت کە هەندێ جار گرفتى کۆمەڵایەتیشى بەدواى خۆیدا هێناوە چارە بکەین."
د.شێرکۆ میرزا مەنگوڕى ئەوەشى ڕاگەیاند: تێڕوانینى وەزیرى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى عێراقى بۆ زانکۆ تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان هەمان تێڕوانینە کە بۆ زانکۆ تایبەتەکان لە عێراق هەیانە، بەڵام جیاوازییەکى زۆر لە نێوانیاندا هەیە چونکە زانکۆ تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان لە چوارچێوەى یاسادا ڕێکخراون و لەلایەن وەزارەتى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستانەوە دانیانپیانراوە، بۆیە ئێمەش وەک نوێنەرانى کورد لە بەغداد بەلەبرچاوگرتنى ئەو دۆخ و ململانێیەى کە لە نێوان هەولێر و بەغدا لە ئارادایە لە چوارچێوەى سیاسەتى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لامان نەداوەو چ شتێک لە بەرژەوەندى خەڵکى کوردستاندا بێت ئێمە هەر ئەوە دەکەین."
سەرۆکى لێژنەى خوێندنى باڵا لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق ڕاشگەیاند: وەک لێژنەکە بەپیویستمان زانى لە نزیکەوە گوێ لە ڕاو پێشنیازەکانى ئێوە بگرین بۆ ئەوەى لە پەسندکردنى ئەو پڕۆژەیە یاسایە ئەو کێشەى زانکۆ تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان چارەسەر بکرێت و، خوێندکاران و خەڵکى کوردستانیش سوودمەند بن.
بۆ ئەو مەبەستەش لەلایەن ئامادەبووانى کۆبونەوەکەوە چەندین پیشنیاز گەڵاڵە کران بۆ ئەوەى لە خستنەڕوى پڕۆژەى یاساى زانکۆ تایبەتەکانى عێراقدا پێشکەش بکرێن و پەسند بکرێن.
