گومان لە بڕیاری راگرتنی گەشتە ئاسمانییەكانی هەرێمی کوردستان دەكرێت
ئەمین بەكر، ئەندامی لیژنەی یاسایی له ئهنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند"هێشتا روون نییە راگرتنی گهشتە ئاسمانیەكانی هەرێم، هۆكارەكەی هەبوونی ئەو مەترسیەیە كە باس دەكرێت یاخود فشارێكی دیكەی بەغدایە دژی هەرێمی كوردستان".
گوتیشی "دەزگای فڕۆكەوانی عێراقی بڕیار لەو بابەتەدەدات، بەڵام بەداخەوە لە عێراق بابەتە مەدەنی و تەكینیكیەكان لە بابەتی سیاسی بۆ جیاناكرێنەوە، بۆیە ئێستا ناتوانين بزانین ئایا بەڕاستی هۆكارەكە هونەریە یاخود، دەستێكی سیاسی لە پشتە".
ئەو پەرلەمانتارە ئاشكراشیكرد" قسەمان لەگەڵ دەزگای فڕۆكەوانی مەدەنی كردووە، ئەوان هەر ئەو وڵامەیان هەبووە، كە بەهۆی مەترسی مووشەكەكانی روسیا بووە، لهكاتێكدا بهشێك لهو فڕۆكانەی بۆ فڕۆكهخانهكانی دیكهی عێراق دهچن به ئاسمانی هەرێمدا دهڕۆن، نازانین ئایا ئهوانهش راگیراوه یاخوود نا".
راگرتنی گەشتە ئاسمانیەكانی هەرێم، جگە لە گەشتە بازرگانییەكان هاتوچۆی ئەو فرۆكانەشی راگرتووە، كە هاوكاری سەربازی، بۆ پێشمەرگە دەهێنن لەبەغداوە، شارەزایەكی هاتوچۆی ئاسمانی پێیوایە "راگرتنی گەشتەكان زیاتر لە فشارێك دەچێت، چونكە مەترسی موشەكەكان ئەگەر هەبێت تەنها لەسەر هەرێم نیيە".
هەڵۆ تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی كۆمپانیای ستێر گروپ، بۆ فڕۆكەوانی لەمیانی بەرنامەكەدا، گوتی"بۆ فرۆكەوانی خەتی تایبەت هەیە و لە هەموو دنیاوە وڵاتان زۆربەی بەسەر ئێراندا دەڕۆن، بەڵام هیچ گەشتێكی ئێران رانەگیراوە، لە كاتێكدا مووشەكەكانی روسیا بە ئاسمانی ئێراندا دەڕوات".
تاڵەبانی پێیوایە راگرتنی گەشتەكان كاریگەری خراپی دەبێت هەم بۆ ئابووری هەرێمی كوردستان و هەم بۆ متمانەی كۆمپانیاكانیش بەهەرێم.
گوتیشی"چەندە كۆمپانیای نێودەوڵەتی لەهەرێمی كوردستان هەیە، پلانیان هەیە لە هەرێم، ئەمە كاریگەری لەسەر متمانەی ئەوانیش دەبێت بۆ هەرێم و زیان لە ناوبانگی فڕۆكەخانەكانی هەرێم دەدات".
هاوكات باس لەوەشدەكرێـت، گەشتی فڕۆكەی شاندە دیپلۆماسییەكان بەردەوامە و تەنها گەشتە بازرگانییەكان راگیراون"ئەوەش زیانی زۆر بەهەرێمی کوردستان دەگەیەنێت".
هەڵۆ تاڵەبانی باسیلەوەشكرد، لەو ماوەیەدا كە گەشتەكان راگیراون، گەشتی فڕۆكەكانی شاندە دیپلۆماسییەكان كە دێنە هەرێم ڕانەگیراوە، لەكاتێكدا ئەوان خۆیان ئاگاداری هەر مەترسیەكن ئەگەر هەبێت لەسەر ئاسمانی هەرێم.
شەوی یەكشەممە (22ی تشرینی دووەمی 2015) (23ی تشرینی دووەمی 2015) وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بڕیاری راگرتنی گەشتە ئاسمانیەكانی هەرێمی بۆ ماوەی 48 كاژێر دا، ئەوەش بەبیانووی هەبوونی مەترسی لەسەر ئاسمانی هەرێم.
تەلار فایەق، بەڕێوەبەری فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ئاشكرایكرد، راگرتنی گەشتەكان 100 فڕۆكەی لە گەشتكردن راگرتوە و، زیانی 600 هەزار دۆلاری بە فڕۆكەخانەكەیان دەگەیەنێت.
رووداو
