بنەماكانی بوون بە دەوڵەت لە كوردستاندا زۆر زیاترە لە هەریەك لە تەیموری رۆژهەڵات و باشووری سودان و كۆسۆڤۆ

بنەماكانی بوون بە دەوڵەت لە كوردستاندا زۆر زیاترە لە هەریەك لە تەیموری رۆژهەڵات و باشووری سودان و كۆسۆڤۆ
لە كۆڕێكی هاوبەشی گۆڤاری گوڵان و ئەنستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێداندا پڕۆفیسۆر دیڤید فیلیپس گوتی: ئەوەی پێوەندی بەم راپۆرتەوە هەبێت، ئەوا باڵیۆز نانسی سۆدێربێرگ، سەرۆكایەتی گرووپی تاسك فۆرسی كردووە، كە جێگری راوێژكاری ئاسایش نەتەوەیی بووە لە سەردەمی ئیدارەی كلینتۆن-دا. ئەو كەسانەی بەشدارییان كردووە لە راپۆرتەكەدا بەرپرسانی پێشووی ئیدارەی ئەمەریكا و توێژەران و ئەو چالاكانە بوون كە هۆشیار بوون لە بارەی وردەكاریی بارودۆخی ئێرەوە. بەشی زۆری بەشداربووان لە ئەمەریكا بوون، بەڵام كەسانی ئەوروپیشی تێدا بووە. من بەڕێوبەری پرۆژەكەم و لە ساڵی 1992ـەوە بە بەردەوامی سەردانی كوردستان دەكەم و هەست بە خۆشحاڵی دەكەم لە نێوتاندا. ئێمە هەڵسەنگاندمان بۆ بارودۆخەكە كردووە و راسپاردەی ئەوەمان كردووە كە ئەمەریكا و هێزە هاوپەیمانەكان چەكی پێشكەوتووتر بۆ پێشمەرگە دابین بكەن بۆ ئەوەی لە ئاستی ئەركەكەیاندا بن بۆ تێكشكاندنی داعش. ئێمە راسپاردەی ئەوە دەكەین كە سەرۆكی ئەمەریكا دەسەڵاتی خۆی بەكار بهێنێت بۆ ئەوەی چەك بە شێوەیەكی راستەوخۆ بدرێتە كوردستان نەك لە رێی بەغداوە ئەو چەكانە رەوانە بكرێت. پێشنیاری ئەوە دەكەین كە ئەمەریكا لەسەر بنەمای رێككەوتنێكی ئەمنی بنكەیەكی سەربازی لە كوردستان دابمەزرێنێت، ئەو بنكەیەش بە تەواوەتی كارا دەبێت كاتێك كوردستانی عێراق سەربەخۆیی بەدەست دەهێنێت.


دیڤید فیلیپس گوتی: ئێمە ئەو راستیە دەزانین كە كوردستان رووبەڕووی چەندین قەیران بۆتەوە، سەرەڕای قەیرانی ئەمنی كە لە داعشدا بەرجەستە بووە، ئەوا رەوشێكی مرۆییش دروست بووە، سەرباری قەیرانی ئابووریش. كوردستان داڵدەی ملیۆنێك و 700 هەزار ئاوارەی داوە كە ئەمەش بارگرانییەكی گەورەیە لەسەر شانی كوردستان. راسپاردەی ئێمە ئەوەیە كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەمەریكا هاوكاری راستەوخۆی وەزارەتی پلاندانان و تەندروستی بكەن بۆ دەستەبەركردنی پێداویستی مرۆیی بنەڕەتی بۆ ئەو ئاوارانەی لە هەرێمەكەتاندان. پێویستە هەرێمی كوردستان پلانێكی گشتگیر ئامادە بكات بۆ قۆناغی دوای ناكۆكی، پێویستە ئەو قۆناغە دۆخی مرۆیی بە پەلە چارەسەر بكات و هەروەها قۆناغی راگوزەریش چارەسەر بكات. پلانەكە لە لایەن نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە پێشكەش بە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكرێت. رێگاچارەیەك هەیە پێی دەوترێت: «ئاریا فۆرمیۆلا» كە بە ناوی دیپلۆماتكاری چیللی دیێگۆ ئاریا ناو نراوە، بە پیێ ئەو میكانیزمە دەكرێت ئەو قەوارەیەی ئەندام نەبێت لە ئەنجومەنی ئاسایشدا بەشداری لە كۆبوونەوەی ئەم ئەنجوومەنەدا بكات لە هۆڵی كۆبوونەوەی سەرەكی. هەروەها كوردستان رووبەڕووی قەیرانی ئابووری بۆتەوە، كە نزیكەی 700 هەزار كەس مووچەخۆری حكومەتن، كە پێویستە ژمارەی مووچەخۆران و مووچەی خانەنشینی كەم بكرێتەوە كە ئەوە بارگرانیەكی زۆری لەسەر بودجەی كوردستان دروست كردووە. هەروەها دەكرێت كورتهێنانی بودجە بە كەمكردنەوەی یارمەتییەكانی دابینكردنی كارەبا و هەروەها بوارەكانی دیكەی وزەش چارەسەر بكرێت.

شايانى باسه فیلیپس هەروەها گوتی: كوردستان پێویستی بە كەرتێكی كارای بانكی هەیە كە هەنگاوی یەكەمیش بە دامەزراندنی بانكی ناوەندی دەست پێدەكات. ئەو راستیەشمان لەبەرچاوە كە بە چەشنی وڵاتانی دەوروبەر گەندەڵی مایەی وشكبوونی سەرچاوەی دەوڵەتە. ئێمە پلانێكمان خستۆتەڕوو بۆ دەستبەركردنی شەفافییەت و دانانی چاودێری بە شێوەیەك هاووڵاتیان بتوانن سكاڵا لای حكومەت تۆمار بكەن. پلانی ئەوەشمان پێشنیار كردووە كە ئەمەریكا وەك شەریكێكی تەواو مامەڵە لەگەڵ كوردستاندا بكات. سیاسەتی عێراقی یەكپارچە و یەكگرتوو خەیاڵە. پێویستە ئەمەریكا زیاتر لە نزیكەوە كار لەگەڵ دۆستەكانیدا بكات و كاتێكی كەمتر بۆ رازیكردنی ركابەرەكانی تەرخان بكات. بۆ ئێمە مایەی سەرسوڕمان بوو كە عێراق رێككەوتنی گۆڕینەوەی زانیاری هەواڵگری لەگەڵ ئێران و رووسیا و سووریا رابگەیەنێت. ئێمە نیگەران و ناڕەحەت بووین كە ئاسمانی عێراق لە لایەن رووسیاوە بۆ گواستنەوەی چەك بۆ بنكەی لازقیە بەكار بهێنرێت. دوای خەرجكردنی ترلیۆنەها دۆلار و بە قوربانی بوونی هەزاران سەربازی ئەمەریكا بۆ رزگاركردنی عێراق لە دیكتاتۆریەت، ئەوا چاوەڕێی زیاترمان لە عێراق دەكرد وەك دۆستێكی ئەمەریكا.

لە كۆتایی قسەكانیدا دیڤید گوتی: پێویستە ئەمەریكا هەل و مەرجی سەر ئەرزی واقیع لەبەرچاو بگرێت و بەربەست دروست نەكات لە بەردەم كاروانی سەربەخۆیی كوردستان. دوا بڕیار لەبارەی سەربەخۆییەوە دەگەڕێتەوە بۆ خەڵكی كوردستان و ئەوان ئەو بڕیارە دەدەن. كاتێك سەرۆك بارزانی لە مانگی ئایاردا سەردانی واشنتۆنی كرد، باسی لەوە كرد راپرسییەك رێكدەخرێت لەبارەی سەربەخۆییەوە. رۆژێك دیاری دەكرێت بۆ ئەنجامدانی راپرسییەكە، بەڵام پێش ئەو وادەیە پێویستە كاتێك تەرخان بكرێت بۆ گفتوگۆكردن لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتێ عێراق و هەروەها دەوڵەتە دراوسێكان، بۆ رێككەوتن لە بارەی بڕگەكانی جیابوونەوەیەكی ئاشتییانە. من كارم لەسەر پرسی سەربەخۆیی تەیموری رۆژهەڵات و باشووری سودان و كۆسۆڤۆ كردووە. هیچ یەكێك لەو سێ دەوڵەتە لە كوردستان باشتر ئامادەنەبوون بۆ ئەوەی ببنە دەوڵەتێكی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری. بە دڵنیاییەوە رووبەڕووی تەحەددی و بەربەست دەبنەوە، چونكە ئێوە لە ژینگە و دەوروبەرێكی سەخت و دژواردا دەژین. بەڵام من متمانەم هەیە ئەگەر نەخشەڕێگا و خشتەیەكی زەمەنیتان هەبێت بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی و گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا، هەروەها دەوڵەتە دراوسێكانتاندا بكەن، ئەوا پشتیوانی بەدەست دەهێنن بۆ خەونە نەتەوەییەكانتان

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1051)
Top