بەریتانیا لە پێویستییە هەنووكەییەكانی هەرێمی كوردستان دەكۆڵێتەوە

بەریتانیا لە پێویستییە هەنووكەییەكانی هەرێمی كوردستان دەكۆڵێتەوە
لە دیداری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لەگەڵ شاندێکی پەرلەمانتارانی بەریتانیا، دوایین رەوشی هەرێمی کوردستان و عێراق، شەڕی داعش و پێویستییە هەنووکەییەکانی هەرێم تاوتوێ کران.



ئێوارەی دوێنێ دووشەممە 23/11/2015 نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە شاندێكی پەرلەمانتارانی بەریتانیا لە كۆمسیۆنی پەیوەندییەكانی دەرەوە بە سەرۆكایەتیی نەدیم زەهاوی ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیا و شاندێكی دیپلۆماسی و پسپۆڕی یاوەریان كرد.



لە دیدارێكدا كە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوو، شاندی میوان پیرۆزباییان لە خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد بۆ ڕزگاركردنی شەنگال لە دەستی تیرۆر و هیوایان خواست ناوچەكانی دیكەش لە دەستی تیرۆر ڕزگار بكرێن و خەڵكی ناوچەكە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و ئارامی و ئاسایشیان بۆ دابین بكرێت.



هەروەها باسیان لە مەبەستی سەردانەكەیان كرد كە بۆ لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە دوا پێشهاتەكانی ناوچەكە و ڕەوشی هەرێمی كوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و باری ئابووری و ئەو گرفتانەی ڕووبەڕووی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەبنەوە و پێویستییە هەنووكەییەكانی هەرێمی كوردستان لە هەموو ڕوویەكەوە تا لە ڕاپۆرتێكدا پێشكەش بە كۆمسیۆنی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمانی بەریتانیای بكەن و ببێتە بابەتی گفتوگۆی ئەو كۆمسیۆنە.



ئەوەشیان دووپات كردەوە كە حكوومەتی بەریتانیا لە هاوكارییەكانی بۆ هەرێمی كوردستان لەڕووی مەشق و ڕاهێنان بە هێزی پێشمەرگە و هاوكارییەكانی دیكە بەردەوام دەبێت.

لای خۆیەوە سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و پاڵپشتیی وڵاتانی هاوپەیمانی دژی داعشی كرد كە لە سەرەتای هەڕەشە و مەترسییەكانی تیرۆرستانی داعشەوە هاوكاریی هەرێمی كوردستانیان كردووە.



ئاماژەی بەوەش دا كە هاتنی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەران بۆ هەرێمی كوردستان و بڕینی بوودجە لەلایەن بەغداوە و شەڕی داعش بارگرانییەكی زۆری بۆ حكوومەتی هەرێم دروست كردووە، بۆیە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێویستی بە هاوكارییەكی زۆرتری كۆمەڵگەی نیودەوڵەتی هەیە بۆ ئەوەی ژیانی ئاوارە و پەنابەران باشتر بكرێت و ئەو دەڤەرانەی كە لەلایەن پێشمەرگەوە ئازاد دەكرێن، جارێكی دیكە ئاوەدان بكرێنەوە.



تاوتوێكردنی بارودۆخی ناوچەكە و عێراق بە گشتی و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو و لەمبارەیەشەوە چەند بیروڕایەك ئاڵوگۆڕ كران.









باسنیوز
Top