چیك 50 تۆن چەك بۆ بەغدا و هەولێر دەنێرێت
مارتن سترۆپنیکی، وەزیری بەرگری چیك رایگەیاند، هەفتەی رابردوو عێراق ژمارەیەك فڕۆكەی (159) جەنگی وەرگرتووە، ئەمڕۆش (23ی تشرینی دووەمی 2015) "بڕی 50 تۆن چەك و تەقەمەنی رەوانەی بەغدا و هەولێر كراوە".
لە سەروبەندی رەوانەكردنی دوایین بەشی چەك و تەقەمەنی بۆ عێراق، یاكوب لاندۆفسكی، جێگری وەزیری بەرگری چیك لە فڕۆكەخانەی باردوبیتسەی سەربازی گوتی "ئەو بەشە هاوكاریە سەربازییە، 10 ملیۆن گوللـەی رەشاش و 5 هەزار نارنجۆك لەخۆدەگرێت، بەمزووانەش گوللـەی تۆپ و دژە تانك رەوانەی عێراق دەكەین".
وەلید حەمید شڵتاغ، باڵیۆزی عێراق لە وڵاتی چیك لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، باڵیۆزخانەی عێراق لە چیك هاوكاریە سەربازییەكانی چیك بۆ عێراق بەرزدەنرخێنێت، بەتایبەتی لەڕووی پێشكەشكردنی هاوكاری سەربازی، مەشق و راهێنان، بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات.
مارتن سترۆپنیکی، وەزیری بەرگری چیك ئاماژەی بە ێبەجێكردنی ژمارەیەك رێككەوتننامەی نێوان عێراق و وڵاتەكەی كرد، سەرەڕای هەنگاونان بەرەو هاوكاری سەربازی زیاتر و بەردەوامی هاوكارییە سەربازییەكانی چیك و گواستنەوەی بەشێكی دیكەی چەك و تەقەمەنی لەرێگەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ عێراق.
پێشترش مارتن سترۆپنیکی، وەزیری بەرگری چیک بە میدیاكانی وڵاتەكەی راگەیاندبوو "بۆ هەر هێرشێکی زەمینی دژی چەکدارانی داعش لە سووریا، حکومەتی چیک ئامادەیە 200 سەرباز بۆ پشتگیری و پاڵپشتی بنێرێت".
سترۆپنیکی، روونیدەکاتەوە پاڵپشتییەکانیان لە هێرشی زەمینی لە چوارچێوەی یەکەکانی فریاگوزاری پزیشکی و بەرەنگاربوونەوەی چەکی کیمایی دەبێت.
وەزیری بەرگری چیک بەباشی دەزانێت، بەشێوەیەکی سەرەتایی و وەک چارەسەرێک، وڵاتانی ناوچەکە سەرباز بۆ ئەو ئەرکە دەستەبەربکەن.
رووداو
