ئەمەریكا لە ڕووی چاكسازیی ئابوورییەوە هاوكاریی هەرێمی كوردستان دەكات
لە دیدارێكدا كە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوو، شاندی میوان پیرۆزباییی خۆیان بە سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە لە بەرامبەر تیرۆرستانی داعش بەتایبەتی لە ڕزگاركردنەوەی شەنگال دەربڕی و هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و هاوپەیمانانیان بۆ بەئەنجامگەیاندنی ئەم ئۆپەراسیۆنە بەرز نرخاند و بە دەستكەوتێكی گرنگیان وەسف كرد. هەروەها بەردەوامیی هاوكارییە سەربازییەكانیان بۆ پێشمەرگە و هاوكاریكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئاوەدانكردنەوەی شاری شەنگال پیشان دا كە بەهۆی شەڕەوە بەشێكی زۆری وێران بووە.
بەڕێز بلینكن باسی لە سەردانەكانی بۆ كەمپی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستان كرد و ئاماژەی بەوە دا كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەرەڕای قەیرانی دارایی و شەڕی تیرۆرستانی داعش و ئەو بارە گرانەی كە لەسەر شانیەتی، توانیویەتی بە باشترین شێوە باوەش بۆ ئاوارە و پەنابەران بكاتەوە و خزمەتگوزاریی پێویستیان پێشكەش بكات. دووپاتیشی كردەوە كە لە ڕێگەی خۆیانەوە هەوڵ دەدەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هان بدەن بۆ ئەوەی زیاتر هاوكاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكات تا ئەو بارە گرانەی سەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان كەمێك سووكتر بكرێت.
لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی هەوڵەكانی ئەمەریكا و پاڵپشتییان بۆ هێزی پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش كرد كە بەهۆیەوە سەنگی هێز لە بەرەكانی شەڕدا بۆ بەرژەوەندیی هێزی پێشمەرگە شكاوەتەوە. هەروەها سوپاسی خەڵك و حكوومەت و پێشمەرگەی كوردستانی بۆ ئەمەریكا دەربڕی كە لە سەرەتای هێرش و مەترسییەكانی داعشەوە بۆ سەر هەرێمی كوردستان هاوكار و پاڵپشتیی هەرێمی كوردستان بوونە لە ڕووی سەربازی و مرۆییەوە و هیوای ئەوەشی خواست ئەوان لە ئاوەدانكردنەوەی شەنگال و دەڤەرە ڕزگاركراوەكانی دیكە لە دەستی تیرۆرستانی داعش، هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكەن.
سەبارەت بە ڕەوشی ئابووریی هەرێمی كوردستانیش، بەرێزیان ئاماژەی بەوە دا كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پلانێكی بۆ ڕیفۆرم و چاكسازی لە بواری ئابووریدا ئامادە كردووە و شاندی ئەمەریكیش دووپاتیان كردەوە كە لە لایەنی پسپۆڕی و ڕاوێژكارییەوە بۆ سەرخستنی ڕیفۆرمەكان، دەتوانن هاوكاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەن.
تاوتوێكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا لەلایەك و هەولێر و بەغدا لە لایەكی دیكەوە و چارەسەركردنی ئەو كێشانەی لە نێوان هەرێم و بەغدادا هەن و بارودۆخی ناوچەكە بەگشتی، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.
