حەوت پەیمانگەی نوێ لە هەرێمی کوردستان دەكرێنەوە
عەباس ئەكرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە لێدوانێكدا ئاماژەی بەوە دا لەبەر رۆشنایی رێنمایی ژمارە (5) ی تایبەت بە كردنەوەی پەیمانگەی تایبەت لە هەرێمی كوردستان "ئەمڕۆ دووشەممە، 23تشرینی دووەم د.یوسف گۆران، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی واژۆی لە سەر كردنەوەی حەوت پەیمانگەی تایبەت لە شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان كرد".
گوتەبێژەكەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی باسی لەوەش كرد كردنەوەی ئەو پەیمانگەیانە هەلی زیاتر دەڕەخسێنێ بۆ خوێندنی دەرچووانی پۆلی (12) ئامادەیی "بەتایبەت ئەوانەی كە كۆنمرەیان لەخوار 55% ەوەیە".
ناو و شوێنی ئەو حەوت پەیمانگا نوێیەش، كە لەم ساڵدا خوێندكار وەردەگرن، بریتین لە: پەیمانگەی تەكنیكی پایتەخت لە هەولێر، پەیمانگەی تەكنیكی كوردستان لە سلێمانی، پەیمانگەی تەكنیكی دهۆكی تایبەت، پەیمانگەی تەكنیكی تایبەت لە كەلار، پەیمانگەی هەیبەت سوڵتان لە كۆیە، لقی پەیمانگەی رواندز لە هەولێر و لقی پەیمانگەی رواندز لە ئاكرێ.
پێشتریش مۆڵەت درابوو بە هەر دوو پەیمانگای هەولێر بۆ نەوت و پەیمانگەی تەكنیكی رواندزی تایبەت. "بەم جۆرەش ژمارەی پەیمانگە تایبەتەكان لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان بوو بە9 پەیمانگە".
رووداو
