مۆڵەتی 24 كاژێر دەدرێتە هێزەكانی نێو شنگال
دوای كۆنترۆڵكردنی سەنتەری شنگال لە 12/11/2015، حیزبەكان هەرزوو خۆیان گەیاندە ئەو فەرمانگە حكومیانەی كە بە كەڵكی حەوانەوە دێن. بە گوتەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا 13 فەرمانگەی حكومی چەكداری حیزبەكانیان تێدایە.
رۆژی شەممەی رابردوو شاندێكی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا سەردانی پارتی و یەكێتی و پەكەكەیان لە شنگال كرد. بەشار كیكی، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە (رووداو)ی راگەیاند "شاندەكەیان چاوی كەوتووە بە هەموو ئەو حیزبانەی كە ئێستا هێزی سەربازیی سەر بە ئەوان لە نێو فەرمانگەكانی حكومەتدان و گوتی "پێویستە لە ماوەی 24 كاژێردا، واتە تا ئەمڕۆ (دووشەممە) سەرجەم فەرمانگەكان چۆڵ بكەن، بۆ ئەوەی فەرمانبەرانی ئەو فەرمانگانە دەست بە دەوامی ئاسایی خۆیان بكەنەوە".
بەڵام قاسم رەشۆ، كارگێڕی لقی 17ی پارتی لە شنگال راگەیاند: كە ئەوان نەچوونەتە نێو هیچ فەرمانگەیەك تا چۆڵی بكەن. قاسم گوتی "تەنیا پێشمەرگە چووبوونە نێو سێ فەرمانگە، ئەویش بۆ پاراستنیان، دوای گەیشتنی ئەو نامەیەی ئەنجوومەن ئەوان گوتیان كەی پۆلیس دێن با بێن، ئێمە چۆڵی دەكەین".
یەكێتی نیشتمانیی كوردستانیش رەتیدەكاتەوە كە چووبنە ناو بینای هیچ فەرمانگەیەك. جەمیل خدر، بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی لە شنگال بە(رووداو) راگەیاند "بارەگای مەڵبەندی شنگال لە دوای ئازادكردنی عێراقەوە لەناو فەرمانگەی موخابەراتی رژێمی پێشوودا بووە، بەڵام ئێستا لە هیچ فەرمانگەیەكدا نین".
ئێستا هێزەكانی یەكینەكانی پاراستنی شنگال لە نێو باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی شنگالدان، هەروەها یەكینەكانی پاراستنی گەل لەنێو چەند فەرمانگەیەكدان.
دەمهات جڤیان، فەرماندەی یەپەگە لە شنگال راگەیاند جارێ زووە قسە لەسەر ئەو بابەتە بكەن. دەمهات گوتی "جارێ هێشتا هەموو شنگال كۆنترۆڵ نەكراوەتەوە، با ئەو خاكەی ماوە رزگار بكرێت، دۆخەكە ئاسایی ببێتەوە، دووبارە شنگال ئاوەدان بكرێتەوە و بڕوا بۆ خەڵك دروست بكرێت كە دووبارە بگەڕێنەوە، ئەوكات هیچ پێویستمان بەو فەرمانگانە نامێنێ".
یەكێتی لەگەڵ ئەوەدا نییە هیچ هێزێك لەناو فەرمانگە حكومییەكاندا بمێنێ. بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی لە شنگال دەڵێت "پێویستە چۆڵی بكەن و دووبارە بەڕێوەبەر و فەرمانبەرەكان دەوام بكەن، بۆ ئەوەی دەست بە قۆناغی ئاوەدانكردنەوەی شنگال بكرێتەوە".
لەبارەی ئەوەی كە ئەگەر حیزبەكان فەرمانگەكانیان چۆڵ نەكرد؟ سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێت "دوای تەواوبوونی ئەو مۆڵەتەی دراوەتە حیزبەكان، ئەگەر فەرمانگەكانیان چۆڵ نەكرد، لە دادگا سكاڵایان لەسەر تۆمار دەكەین، جا هەر هێز و حیزبێك بێت".
مەحما خەلیل، قایمقامی شنگال رایگەیاند كە ئێستا رۆژانە هەشت بەڕێوبەری فەرمانگەكان دێنە شنگال و دەوامی خۆیان دەكەن. مەحما خەلیل راگەیاند "بۆ هەر بەڕێوەبەرێك كورسییەكی چۆڵ لەناو خێوەتی قایمقامیەت دانراوە، هەر بەڕێوەبەرێك دەوام نەكات غایب دەدرێت، هەر بەڕێوەبەرێك هەفتەیەك بەبێ هۆ دەوام نەكات لە پۆستەكەی لادەدرێت".
سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا هیواخوازە هیچ هێزێك نەبێتە رێگر لەبەردەم كاری فەرمانگەكانی حكومەت و سوپاسی هەر هێزێك دەكات كە شنگالی پاراستووە و بەشداری كۆنترۆڵكردنەوەی كردووە و گوتی "تا ئێستا لە دەرگای چەندین رێكخراوی نێودەوڵەتیم داوە، بۆ ئەوەی هاوكاریمان بكەن لە دووبارە ئاوەدانكردنەوەی شنگال". گوتیشی "ئێستا پێویستمان بە سەد ملیار دینار هەیە بۆ ئیشە بەپەلەكانی خزمەتگوزاری".
رووداو
