برێت مەکگۆرک: هەموو رۆژێک کورد لە شەڕی داعش قوربانیی دەدات

 برێت مەکگۆرک: هەموو رۆژێک کورد لە شەڕی داعش قوربانیی دەدات
نێردراوی تایبەتیی باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەمریکا لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش رایدەگەیەنێت، کە هەموو رۆژێک، گەلی کورد لە شەڕی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) قوربانیی دەدات.



برێت مەکگۆرک، نێردراوی تایبەتیی ئۆباما لە هاوپەیمانیی دژی داعش لە کۆنگرەیەکیی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، کە وڵاتەکەی درێژە بە هاوکارییەکانی بۆ سوپای دیموکراتیی سوریا دەدات، بۆ بنبڕکردنی داعش و کۆنترۆڵکردنەوەی شاری رەققە، کە داعش وەک پایتەختی خۆی ناساندوویەتی.



برێت ماکگۆرک چاوەڕوانیی ئەمریکا نیشانداوە لەوەی، تورکیا سنوورەکانی بە تەواویی بە رووی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش لە باکووری سوریا دابخات و رایگەیاند، کە “سەبارەت بە بابەتی شەڕکەرانی بیانی، پێویستمان بە یارمەتی ھەموو وڵاتان دەبێت".



نێردراوی تایبەتیی باراک ئۆباما ئاماژەی بە رۆڵی کورد لە شەڕی دژی داعش کردووە، کە تاوەکو ئێستا لەو شەڕە بەردەوامە و گوتویەتی، “ھەموو رۆژێک کورد قوربانی دەدات، ئێمە ھەڵوێستی جوامێرانەی کورد بەرز دەنرخێنن، کە لەو کاتانەی ھەست بە مەترسی دەرەکی دەکەن دەبنە یەک جەستە و یەک دەنگ".








باسنيوز
Top