شەبەك بە ئازادكردنی شنگال دڵخۆشن.. بەم زووانە مووسڵیش ئازاد دەكرێت
(مەلا سالم شەبەك) نوێنەری كۆتای شەبەك لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "هێزی پێشمەرگە لە شنگال سەركەوتنێكی زۆر مەزنیان تۆمار كردووە و هەنگاوێكی زۆر باشیشە بۆ ئازادكردنی مووسڵ و ئاسانكاریی زۆر باشی كردووە، لە ئێستایشدا بە بەردەوامی ئامادەكاری دەكرێت بۆ ئەوەی پرۆسەی رزگاركردنی مووسڵیش دەست پێ بكات و، هەماهەنگییەكی زۆر باشیش لە نێوان هەرێم و بەغدادا هەیە و بەم زووانە مووسڵیش ئازاد دەكرێت".
(شەبەك) گوتیشی، كوردانی شەبەك زۆر دڵخۆشن بە ئازادكردنی شنگال، چونكە دەزانن بە هۆی ئازادكردنی شنگالەوە، رزگاركردنی مووسڵیش نزیك بووەتەوە.
نوێنەری كۆتای شەبەك دەشڵێت، لە ئێستادا ٨٠%ـی كوردانی شەبەك لە مووسڵ و دەشتی نەینەوا ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون و، تەنیا ٣ تا ٥% لە مووسڵ ماون و ئەوانەی دیكە ئاوارەی ناوچەكانی دیكەی عێراق بوون، بۆیە خوازیارن بگەڕێنەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان، لەبەر ئەوەی لە ئێستادا لە كەمپەكان ژیان بەسەر دەبەن.
(مەلا سالم) ئەوەیشی خستە ڕوو كە، ٢٠٨ كوردی شەبەك لە دەست تیرۆریستانی داعشدان و تاوەكو ئێستایش چارەنووسیان دیار نییە.
-KDP.info-
