خورماتوو؛ دیله‌كان، هەرهەموویان ئازاد كران..رێگه‌ی كه‌ركووك بۆ به‌غدا كرایه‌وه‌

خورماتوو؛ دیله‌كان، هەرهەموویان ئازاد كران..رێگه‌ی كه‌ركووك بۆ به‌غدا كرایه‌وه‌
سەرچاوەیەك ئاشكرای دەكات بە هیمەتی ئەو لیژنەیەی بۆ هێوركردنەوەی بارودۆخی خورماتوو پێك هێنراوە، جگە لە دیلێک نەبێ کە ئەمڕۆ بە شێوەی تایبەت ئازاد کرا، دیلە شیعە و کوردەکانی دی، هەرهەموویان دوێنێ بەبێ گرفت بەر درابوون.

بەرێوەبەری ڕاگەیاندنی قایمقامیەتی خورماتوو، محەمەد فایەق بە ماڵپەری پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دوێنێ ئێوارە،‌ پێشمەرگە و چەكدارە شیعەكان، هەرچییەک دیلیان گرتبوو، دوێنێ بەریانیان دا؛ تەنیا گۆران سەعید نەبێ کە ئەو دیلە كوردەیش ئەمڕۆ بە شێوەیەکی تایبەت بەر درا."
محەمەد فایەق گوتیشی، توركمانە شیعەیەک دیار نەماوە و، ناویشی لە ناو دیلەكانی لای پێشمەرگەدا نەبوو، ئا لەبەر ئەوە چەكدارە شیعەكان لە بری ئەو هاوڵاتییە توركمانە، ئەو هاووڵاتییە كوردەیان ئازاد نەدەكرد، بەڵام ئەمڕۆ بە شێوەیەكی تایبەت و پاش هەوڵی لایەن و بەرپرسەكان ئازاد كرا."

سه‌باره‌ت به‌ ره‌وشی خورماتوویش قایمقامی خورماتوو شەلال عەبدول بە ماڵپەڕی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند؛ ماوەی دوو رۆژە هیچ شەرو تەقەو پێكدادانێك رووینەداوە و بەشێكی زۆری بازار و دوكانەكانی شارەكە لە گەڵ رێگاداخراو و سەرەكییەكان كراونەتەوە.
شەلال عەبدول گوتیشی، هاوكات رێگای سەرەكی نێوان كەركووك –بەغدا كە بەهۆی گرژییەكانەوە داخرابوو ئەمرۆ كرایەوە و ئێستا هاتووچۆی ئۆتۆمبیل و جموجۆڵ لەناو شارو دەرەوەی شارەكەیش ئاسایی بووه‌تەوە.
Top