شاندێكی نهمسا بۆ ئاگاداركردنهوهی وڵاتهكهیان له چۆنیهتیی كۆمەككردنی ههرێم له ههولێرن
ئەمڕۆ چوار شەممە د. جهعفهر ئیبراهیم ئێمینکی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەیاوەری نوینەرانی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان و لیژنەی یاسایی و لیژنەی پەیوەندیەکان پێشوازی لە شاندێکی باڵای پەرلەمانی نەمسا کرد کە لە سەرۆکفراکسیۆنی پارتی سۆشیال دیموکرات و دیموکراتی مەسیحی حوکمڕان و پەرلەمانتارانی لیبراڵ و پارتی سەوز پێک هاتبوون.
لە کۆبونەوەیەکدا کە دکتۆر مستەفا گۆران نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە نەمسا ئامادەی بوو، جێگری سەرۆکی پەرلەمان بە ناوی پەرلەمانی کوردستانەوە بەخێرهاتنی شاندەکەی کرد و، ڕۆڵی نەمسای لە پشتیوانی و هاوکاری گەلی کوردستان لە قۆناغەکاندا بە بەرزی نرخاند و ئەم سەردانەشی بە تەواوکاری ئەو پشتیوانیانە لە قەڵەمدا کە نەمسا بۆ پاڵپشتی لە هەرێمی کوردستان ئەنجامی داوە.
دواتر پوختەیەکی لەبارەی ڕەوشی سیاسی و ئاسۆی پەیوەندیەکانی نێوان بەغدا و هەرێم لە پەراوێزی ئەو قەیرانە داراییەی بەغدا بۆ هەرێمی دروست کردووە باس کرد و تیشکی خستە سەر ئەو سەرکەوتنانەی هێزی پێشمەرگە سەرەرای ئەو گرفتانەی حکوومەتی ئیتیحادی لە ڕووی نەدانی بوودجەی پێشمەرگە و چەک و تەقەمەنی و کەلوپەلی سەربازی، بەڵام هێزی پێشمەرگە بە پشتیوانی ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپا بەرەڕووی داعش وەستاوەتەوە و دوا سەرکەوتنیش کە تۆماری کرد ئازادکردنی شنگال بوو لە دەست تیرۆریستان.
هەر لە کۆبونەوەکەدا تیشکی خستە سەر پێویستی ئاوارەکان بە تایبەت لە وەرزی زستاندا و بە پێویستی زانی هەموو لایەک یارمەتیی ئاوارەکان بدەن بۆ ئەوەی ژیانێکی شایستەیان بۆ دابین بکرێ و، ناچار نەبن ڕوو لە وڵاتانی دەرەوە بکەن و، لێرە لە خاکی خۆیاندا بژین.
هەروەها لەلایەن نوێنەرانی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان بە گشتی باس لەو قەیرانە داراییە کرا کە بەهۆی حکوومەتی عیراقەوە ئەستۆی هەرێمی کوردستانی گرتووە و داوا کرا کار بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو شوێنانە بکرێ کە لە دەستی داعش ڕزگار دەکرێن بۆ ئەوەی هاووڵاتیان ژیانێکی شایستەیان بۆ مسۆگەر بکرێ و، هاوکاری پێکهاتە ئایینییەکانیش بن و لە ڕووی نێودەوڵەتیەوە پشتیوانی لە بەجینۆسایدناساندنی ئێزدییەکان بکرێ و ڕەوشی ئاوارە ئێزدی و مەسیحی و تورکمانەکان باشتر بکرێ.
هەروەها داوا کرا هاوکاری بکرێن بەرچاوڕوونی زیاتر لەبارەی کارەساتی گیان لە دەستدانی ئەو گەنجە کوردانەی کە لەناو کامیۆنەکدا لەو وڵاتە دووچاری بوون و ئەوەش ڕاگەیێنرا کە هەڵسوکەوتی داعش هەرگیز گوزارشت لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام ناکات کە بڵاوکردنەوەی خۆشەویستی و برایەتییە و دەبێ لێک جیا بکرێنەوە.
شاندی میوانیش خۆشحاڵی خۆیان بە سەردانی پەرلەمان و ئەو کۆبونەوەیە نیشان دا و گوتیان هاتوونە لە نزیکەوە ڕەوشی سیاسی و ئابووری و بارودۆخی ئاوارەکان ببینن و، هەوڵ بدەن لەگەڵ حکوومەتی نەمسا کاری زیاتر بکەن بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری؛ هەر لە کۆبونەوەکەدا بە فەرمی داوەتنامەیان دایە پەرلەمانی کوردستان، بۆ ئەوەی بە شاندێکی فەرمی سەردانی پەرلەمانی نەمسا بکەن.
لە کۆتاییەکەی سەردانەکەشدا شاندەکە هۆڵی دانیشتنی پەرلەمانیان بەسەر کردەوە.
