رێككەوتنی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی لە خورماتوو جێبەجێ دەكرێ
لیوا روکن بەختیار، جێگری فەرماندەی میحوەری خورماتووی هێزی پێشمەرگە رۆژی چوارشەممە 18 ی تشرینی دووەمی 2015، رایگەیاند" لەچوارچێوەی رێککەوتنی ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکان لەنێوان هێزی پێشمەرگە و چەکدارانی حەشدی شەعبی، ئەمڕۆ 15 هاونیشتمانی کورد کە لە ئامرلی لەلایەن حەشدی شەعبییەوە دەستگیرکرابوون، ئازادکران".
لیوا بەختیار گوتیشی " 7 هاونیشتمانی دیکە ماون کە لە ئامرلی لەلایەن حەشدی شەعبییەوە دەستگیرکراون و بڕیارە دوای کاژێرێکی دیکە ئازادبکرێن، دوای ئەوەش تەواوی ئەو چەکدارانەی حەشدی شەعبی کە لەلایەن هێزی پێشمەرگە دەستبەسەرکراون، ئازاددەکرێن".
جێگری فەرماندەی میحوەری خورماتووی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەشدا، حەشدی شەعبی لە پارێزگاکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق هاونیشتمانیانی کورد دەستگیردەکەن، داواشی لە حکومەتی هەرێمی كوردستان و سەرکردایەتی سیاسی كورد کرد، بۆ رێگریکردن لە دیاردەی دەستگیرکردنی هاونیشتمانیان قسە لەگەڵ مەرجەعیەتی باڵای شیعەکان بکەن.
رووداو
