شاندێكی میسر ئازادكرانی شنگالیان له‌ گه‌لی كورد پیرۆز كرد

شاندێكی میسر ئازادكرانی شنگالیان له‌ گه‌لی كورد پیرۆز كرد
ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری میسر و پسپۆڕێكی یاسایی، له‌گه‌ڵ جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستاندا دانیشتن و، ئازادكرانی شنگالیان له ‌گه‌لی كورد پیرۆز كرد.

ئەمڕۆ سێشەممە ١٧/١١/٢٠١٥ دکتۆر جەعفه‌ر ئیبراهیم ئێمینکی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پێشوازی لە د. سەفوەت بەیاز یاساناسی میسری و ئەندامی لیژنەی نووسینەوەی دەستووری میسری و خاتوو جاکلین پسپۆڕی یاسا و شاندێکی یاوەریان کرد.
لە دیدارێکدا کە ژمارەیەک لەپەرلەمانتارانی تورکمان و کلدان سریان ئاسوری ئامادەبوون
دکتۆر سەفوەت بەناوی خۆی و ئەندامانی شاندەکە خۆشحاڵی خۆی بەو سەردانە نیشان دا و پوختەیەکی لەبارەی هەوڵەکانیان بۆ نووسینەوەی دەستوور لە میسر خستە ڕوو هیوای خواست هەوڵەکانی نووسینەوەی دەستوور لە هەرێمی کوردستان بگاتە ئاستێک کە ناوبانگی گەلی کوردستان بپارێزێ و، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێشوازی باشی لێ بکا بە تایبەتیش کە هەرێمی کوردستان پێکهاتەی نەتەوەیی و، ئایینی جۆراوجۆری تیایە و لە دێرزەمانەوە بە ئاشتیانە پێکەوە دەژین.
هەروەها هیوای خواست گەلی کوردستان بە مافی تەواوی خۆی لە سەربەخۆیی و، دامەزراندنی دەوڵەت شاد بێ.
لە لایەن خۆشیەوە خاتوو جاکلین پیرۆزبایی ئازادکردنی شنگالی لە ئامادەبووان و سەرجەم گەلی کوردستان کرد و هەوڵەکانی خستە ڕوو لەپێناو گەیاندنی دەنگ و، ڕەنگی کورد و، ئەوەی ڕاگەیاند مایەی شانازیە بۆ گەلی کوردستان بەو شێوەیە ڕووبەرووی تیرۆریستانی داعش بووەتەوە.
دکتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینکی جێگری سەرۆکی پەرلەمانیش خۆشحاڵی خۆی بە دیداری شاندەکە نیشان دا و بایەخی دەستووری بۆ گەلێکی زیندوو شی کردەوە لەپێناو گەیشتن بە ماف و دیاریکردنی چارەنووسی ئەو گەلەی کە دەیەوێ بە ئاشتی و سەقامگیری بژیێ؛ هەروەها ڕایشیگەیاند لە هەرێمی کوردستان داوامان لە لایەنە ئایینی و نەتەوەییەکان کردووە خۆیان سەرپشک بن لە ڕێکخستنی ئەو مادە دەستووریانەی بە چارەنوسی ئەوانەوە لەسەر ئەم خاکە پەیوەستە بۆ ئەوەی دەستوور دەنگ و ڕەنگی هەمووان بێ.
هەر لە دیدارەکەدا ئەوەیان ڕاگەیاند کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە بایەخەوە لە هەرێمی کوردستان دەڕوانێ کە بەرەوڕووی ئەو داعشە ڕقنە وەستاوەتەوە و ئامادەیی خۆیان نیشان دا بۆ ئەوەی هاوکار بن کە جێی سپاس و پێزانینی جێگری سەرۆکی پەرلەمان بوو.

Top