مووچە بۆ ژمارەیەکی دیکەی کچ و ژنانی رزگاربووی دەستی داعش دەبڕدرێتەوە
بوشرا عوبێدی، بەرپرسی دۆسێی کاروباری ژنان، لە کۆمسیۆنی سەربەخۆی مافی مرۆڤی عێراق رایگەیاند "لیستێکی دیکەی ناوی ژنان و کچانی ئێزدیی رزگاربووی دەستی داعشیان پێگەیشتووە، كە بریتین لە 450 ژن و كچ".
عوبێدی روونیشیکردەوە، دوای ئەوەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رەزامەندی دەربڕیووە بۆ هاوکاریکردنیان، ئەو ژمارەیەی پێشووی ژن و کچانی رزگاربووی ئێزدی بوونەتە خاوەن مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتی، دوای دەرهێنانی کارتی ئەلیکترۆنیش ئاسانتر دەتوانن مووچەکانیان وەربگرن.
بەپێی دوایین ئاماری کۆمسیۆنی سەربەخۆی مافی مرۆڤی عێراق "تێکڕای ژمارەی ئەو کچ و ژنە ئێزیانەی مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە بەوانەی ئێستاشەوە، ژمارەیان دەگاتە 800 ژن و کچ".
بوشرا عوبێدی ئاماژەی بەوەشكرد، زۆربەی ئەو کچ و ژنە ئێزدیانەی رزگاریان بووە، بەدەست هەژاری و نەدارییەوە دەناڵێننن و ئەندامانی خێزانەکانیان لەدەستداون، یان بە دەستی داعش کوژراون".
بە گوتەی بەرپرسی دۆسێی کاروباری ژنان، لە کۆمسیۆنی سەربەخۆی مافی مرۆڤی عێراق لەسەرەتای هاتنی داعش لە مانگی حوزەیرانی 2014ەوە تا ئێستا، هەزار و 579 کچ و ژنی تەمەن (8 بۆ 35) ساڵ چارەنووسیان نادیارە، لەو ژمارەیەش 400-یان رزگارکراون.
رووداو
