ئەڵمانیا: لە هاوكاریكردنی پێشمەرگە بەردەوام دەبین

 ئەڵمانیا: لە هاوكاریكردنی پێشمەرگە بەردەوام دەبین
"فرانك ڤالتەر شتاینمایەر" وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند كە لە شەڕی دژی داعش چوونەتە قوناغێكی نوێ و لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە لە هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی قەیرانی سووریا و جەختیشی كردەوە كە بەردەوام دەبن لە هاوكاریكردنی هێزەكانی پێشمەرگە.


شتاینمایەر لە چوارچێوەی دیدارێكدا لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی یەكێتی ئەورووپا لە برۆكسڵ؛ وێڕای ئەوەی پێشڕەوییەكانی پێشمەرگەی لە تێكشكاندنی داعش بەرز نرخاند، جەختیشی كردەوە كە وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە پێدانی چەك بە هێزەكانی پێشمەرگە.


وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا راشیگەیاند كە: "وێڕای ئەوەی لە هێرشە ئاسمانییەكان بۆ سەر مۆڵگەكانی داعش لە عێراق و سووریا بەردەوام دەبن؛ هاوكات لەڕووی هێزی زەمینیشەوە هاوكار دەبن و بۆ ئەمەش چەك و كەلوپەلی سەربازیی پێویست پێشكەش بە هێزەكانی پێشمەرگە دەكەن بۆ ئەوەی ناوچەكانیان لە ژێر دەستی داعش دەربێنن.

هەروەها ئاماژەی بە تەقینەوەكانی هەینیی رابڕدووی پاریس كرد و گوتی؛ لەناوبردنی داعش پێویستی بە هاوكاریی هەموو لایەك هەیە و لەسەرووی ئەوەش پێویستە قەیرانی سووریا چارەسەر بكرێت كە ئەوەش پێویستە توركیا و سعوودیە و ئێران رۆلێكی كاریگەر بگێڕن.









باسنیوز
Top