نەسرەدین سەعید: بوونی پەکەکە لە شنگال جێگەی مەترسییە

 نەسرەدین سەعید: بوونی پەکەکە لە شنگال جێگەی مەترسییە
نەسرەدین سەعید، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان قسە لەسەر ئاوەدانکردنەوەی شەنگال و مەترسییەکانی حەشدی شەعبی دەکا.



نەسرەدین سەعید ئەوەی خستە روو لە ماوەی ساڵێک و ٣ مانگدا داعش وێرانکاریی زۆری بەسەر شەنگال و دەوروبەریدا ھێناوە، گوتی: بەھۆی زۆریی کاولکارییەکانەوە، دەبێ حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی بەغدا و نەتەوە یەکگرتووەکان و ھاوپەیمانان، بێنە سەر خەت تاوەکو شتێکی باش بۆ شەنگال بکرێت و ئاوەدان بکرێتەوە.



سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان روونی دەکاتەوە، ئاوەدانکردنەوەی شەنگال پێویستی بە ملیۆنەھا دۆلار دەبێت، گوتیشی: ”پێش ماوەیەک پرۆژەیەکمان پێشکەش بە ئەنجومەنی وەیزیران کردبوو بۆ ئەوەی سەرژمێری بکەین بۆ زیانی ئەو ناوچە کوردستانیانەی کە داعش ھێرشی کردوونەتە سەر، چونکە ئەو ناوچانە کاول بوون، بۆیە چاوەورانین بەم نزیکانە ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی پیشان بدات بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری بۆ قەبڵاندنی زیانەکان.



نەسرەدین سەعید روونی کردەوە، نیوەی زیاتری شەنگال دووچاری وێرانکاری ھاتووە: "بەر لە ھاتنی داعشیش ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ھەرێم و بە تایبەت شەنگال، لە لایەن حکوومەتی ناوەندییەوە ھیچ گرنگییەکی پێ نەدراوە و خزمەتگوزارییەکی باشی بۆ نەکراوە“.



ئەو بەرپرسە جەخت دەکاتەوە، بۆ ئەوەی خەڵکی ناوچە کوردستانییەکان زیاتر بەرەو ھەرێمی کوردستان بێن، دەبێ حکوومەت خزمەتی زیاتریان بکا.



سەبارەت بە گەڕانەوەی خەڵکی شەنگال ئەو دەڵێ: ئەگەر باری ئەمنی باش بێت، خەڵکی شەنگال دەگەرێنەوە بۆ زێدی خۆیان، بەڵام ئەوە پێویستی بە کاتە، چونکە داعش ھەر شوێنێک بەجێ دەھێلێت، پڕی دەکات لە مین و تی ئێن تی، بۆیە دەبێ پاک بکرێتەوە، پاشان خەڵکەکە بگەرێنەوە.



نەسرەدین سەعید ئاشکرای دەکات، بە ئازادکردنەوەی شەنگال ئێستا ٩٦% ناوچە کوردستانیەکان لەژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگەدان، گوتیشی: چاوەروان دەکرێت ئەو ناوچە کوردستانییانەی ماون ئەوانیش لە داعش پاک بکرێنەوە، ئێستاش ئیش دەکرێت لەسەر ئازادکردنەوەی موسڵ .



سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانیەکان ھەبوونی چەند ھێزێک بەدەر لە ھێزی پێشمەرگە لە شەنگال بە مەترسی دەزانێت و دەلێت: ”ھەبوونی ھێزەکانی پەکەکە و حەشدی شەعبی و چەند ھێزێکی تر لە شەنگال لە دوای ئازادکردنەوەی جێگەی مەترسییە، دەبێ تەنھا پێشمەرگە و ھێزەکانی حکوومەتی ھەرێم بمێننەوە نەک ھێزەکانی تر“.



ئەو بەرپرسە لەگەڵ ئەوەدایە شەنگال بکرێتە پارێزگا، بەو مەرجەی سەر بە ھەرێمی کوردستان بێت.



ماوەیەکە چەکدارانی حەشدی شەعبی بە تایبەت لە دووزخورماتوو دەستیان کردووە بە کوشتن و تاڵان و لە ناوچە کوردستانییەکان، بە بڕوای نەسرەدین سەعید ئەوە مەترسییەکی گەورەیە لەو ناوچە کوردستانیانەن.



گوتیشی: ”پێش ٦ مانگ نووسراوێکمان بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی کوردستان کردبوو کە ھەبوونی حەشدی شەعبی لە ناوچە کوردستانیەکان مەترسییە و دەبێ حەشدی شەعبی لەو ناوچانە دوور بخرێتەوە، بەڵام نە حکوومەت و نە لەلایەنە سیاسییەکان کاریان لەسەر ئەوە نەکرد“.



سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانیەکان کە لەسەر پشکی یەکگرتووی ئیسلامییە، ئاشکرای دەکات، دوای رووداوەکانی دووزخورماتوو مەترسی ھەیە حەشدی شەعبی ئاڵۆزی لە ناوچەی تریش دروست بکا: "لە خانەقین و دەوروبەری کەرکووک، مەترسی ھەیە حەشدی شەعبی دەست بە پشێوی دروستکردن بکەن، بۆیە دەبێ حکوومەت ھاووڵاتیانی کورد لەو مەترسییانە بپارێزێت، ھۆکاری ئەو پێشێوی نانەوانەش بۆ ئەوەیە کە ئەوان حەز ناکەن ئەو ناوچانە بگەرێنەوە سەر ھەرێمی کوردستان.



بەبێ ئەوەی ناوی ھیچ وڵاتێک بھێنێت، بەڵام نەسرەدین سەعید باوەری وایە وڵاتانی ئیقلیمی ئەو ناوچانە ئالۆز بکەن کە پێشمەرگەی تێدایە: "وڵاتانی ئیقلیمی کار لەسەر پشێوی دروستکردن لە ناوچە کوردستانیەکانی ژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگە دەکەن، ئەو وڵاتە ئیقلیمیانە دەیانەوێت دوای داعش پێگەی کورد لەو ناوێانە بەھێز نەبێت".



ئەو بەرپرسە پێیوایە ئەگەر نەرمی نواندن لە لایەن ھێزی سیاسی و ئیداریی ھەندێک ناوچە نەبوایە، حەشدی شەعبی نەیدەتوانی بێتە ھەندێک ناوچەی کوردستانی: "ئەو ھێزانەی نەرمیان نواند و بێدەنگ بوون حەشدی شەعبی بێتە ھەندێک ناوچەی کوردستانی دەبێت لە دوای رووداوەکانی دووزخورماتوو پێداچوونەوە بە ھەڵوێسَتی خۆیان بەرامبەر حەشد بکەن".












باسنیوز
Top