خورماتوو.. ئه‌وه‌ی واز لە ئاژاوه‌گێڕی نەهێنێت، دەکوژرێت

خورماتوو.. ئه‌وه‌ی واز لە ئاژاوه‌گێڕی نەهێنێت، دەکوژرێت
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی قایمقامیەی قەزای دوزخورماتوو دەڵێ، ئەمڕۆ ڕێککەوتنی کۆتایی بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی خورماتوو ئیمزا کراوە، کە بەپێی ئەو ڕێککەوتنە ھێزەکان بە ناو شاردا دەگەڕێن و ھەر کەسێک ئاژاوە بنێتەوە، دەستگیری دەکەن و ئەگەر سوور بێت فەرمانیان پێیە بیکوژن.

(محەمەد فایه‌ق) بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی قایمقامیەی قەزای خورماتوو بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە دوێنێشەوەوە تا ئەمڕۆ ڕەوشی خورماتوو ئارامە و ھیچ شەڕێک نەقەوماوە و، تەقەش وەستاوە و ئەمڕۆش کورد وشیعە ئاخر ڕێککەوتنیان کرد."

(محەمەد فایق) گوتیشی، بەپێی ڕێککەوتنەکە ھێزێکی ھاوبەش دروست دەکرێت و، دیلەکانیش دەگۆڕدرێنەوە و زیانلێکەوتووان قەرەبوو دەکرێنەوە و، کوژراوەکانیش بە شەھید ھەژمار دەکرێن و، ڕێگە نادەن کەس ئاژاوە بنێتەوە.

(فایق) دەیشڵێت بەپێی ڕێککەوتنەکە ھێزەکان بە ناو شاردا بڵاوە دەکەن و، ھەرکەسێک ببینن ئاژاوە دەنێتەوە دەستگیری دەکەن؛ ئەگەر بەرەوڕووی ھێزە ئەمنیەکانیش ببێتەوە و، سوور بێت لە ئاژاوەنانەوە فەرمانیان پێیە و، تەقەی لێ دەکەن و دەیکوژن.
Top