عەبادی ناوێرێت گەندەڵییەكانی مالیكی ئاشكرا بكات و بیداتە دادگا
میسال ئالووسى هەروەها گوتی: چۆن دەكرێ بڕوامان بەوە هەبێت كە حكومەت دەیەوێت چاكسازی بكات، ئەو دێت گەندەڵی و خراپەكانی مالیكی دەشارێتەوە، حكومەت داواكاریی گشتی كارا نەكردووە، تاكو تاوانباران سزابدات، عەبادی بۆیە چاوپۆشیی لە مالیكی دەكات، یان لەبەر ئەوەی لێی دەترسێ، یانیش نایەوێت بیداتە دادگا لەگەڵ ئەوانەی كە هاوكاری بوون، هەروەها دیارە ئەو حكومەتە لاوازەو پشت بە لایەنی زانستی و ئیداریی دروست نابەستێ لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا.
شايانى باسه ئالووسى هەروەها گوتی: ئێمە و كورد لەو عێراقەدا بە تەواوی هەموومان چاك دەستنیشانی لایەنەكانی بەڕێوەبردنی حوكمی مالیكیمان كردبوو، كە تاكڕەوی بوو، ئەو هەموو بەرپرسیارێتییەكی یاسایی و حكوومی بەلاوە نابوو و تەنیا بیری لە تاكڕەوی و گەندەڵی و بەلاڕێدابردنی عێراق بە تونێڵێكی تاریك و ترسناك دەكردەوە، بۆیە مالیكی هەموو یاسایەكی پێشێلكردبوو، لەبەر ئەوە ئەو ماوەیە بە ناشیرینترین و دواكەوتووترین سەردەمی چەسپاندنی دیموكراسی دادەنرێت.
لە درێژەی قسەكانیدا میسال ئالووسى گوتی: لە سیستەمی دیموكراسی كە عێراق هەوڵی بۆ دەدا ئەوە بوو كە حكومەت لەسەر بنەمای سازان پێكهاتبوو، بە تایبەتیش حزبە ئاینییەكان، كە لەم سیستەمەدا پێویست بوو رۆڵی دادگا دیارو كارا بێت، خۆی كێشەكە لەوەدایە كە بەغدا نایەوێت دەوڵەتێكی هاوچەرخ و سەردەمیانە بێتە ئاراوە، بزانە ناكۆكیی نێوان هەولێرو بەغدا چییە، لە راستیدا كێشەكە ئەوەیە كە هەولێر دەیەوێت دەوڵەتێكی پێشكەوتوو و دیموكراسی بێتە ئاراوە، بەڵام بەغدا ئەمەی پێ قبووڵ نییە، بۆیە دادگاكان و دەسەڵاتی دادوەری لە عێراق سەربەخۆ و دیموكراسی نین، تەنانەت ئەنجومەنی نوێنەرانیش بڕوای بە دیموكراسی نییە، حزبە ئیسلامییەكان بڕوایان پێی نییە و زۆریش لێی دەترسن، چونكە لەگەڵ بەرژەوەندیی و پرەنسیپەكانی خۆیان ناگونجێت.
لە كۆتایی قسەكانیدا ئالووسى گوتی: مالیكی لە دوولاوە پشتیوانی لێكراوە، یەكەمیان لە ئێرانەوە دووەمیشیان لە هەندێ لایەن كە بۆ بەرژەوەندیی ئێران كاردەكەن لە عێراق و لە حكومەتی ئەمریكاشەوە، من لە بیرمە چۆن لە هەولێر و بەغدا بۆچوونەكان وا بوون كە مالیكی لەلایەن ئەیاد عەلاوی و موقتەدا سەدر و بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان رەخنەی لێدەگیرا تاكو راستەڕێ بێت، بەڵام ئەم كارە تێكچوو و ئێران و ئەمریكا دەستیان خستە كاروباری حكومەتەوە بە قەناعەتی خۆیان پشتوانییان لێی كرد، گەندڵی و هەڵە و تاوانەكانی مالیكی، هەروەها تاوانەكانی داعش كە لاوازیی مالیكی قۆستەوە ئەم كارەساتەیان بەسەر عێراقدا هێنا كە هەموو ئەوانە دەكەونە ئەستۆی حكومەتی مالیكییەوە.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1050)
