بە پشتیوانیی سەرۆك بارزانی شنگال جوانتر دروست دەكرێتەوە
مەحما خەلیل هەروەها گوتی: ئومێد دەكەین كە شنگال ببێتە پارێزگایەك وەك داخوازییەكی خەڵكەكە، هەتا ئەگەر نەكرێتە پارێزگاش پێویستە جینۆساید ببێتە ناسنامەی شنگال، دەبێ كۆنفرانسێك بۆ ئاوەدانكردنەوەی شارەكە ببەسترێت، هەوەها قەرەبووی مەعنەوی و ماددی خەڵكی شنگال بكرێتەوە، لە رووی خزمەتگوزاریشەوە سندووقێكی نێودەوڵەتی بۆ دابمەزرێ، دەزانین كە بەغدا هیچ هاوكارییەكی نەكردووە و ناشیكات، داوادەكەین بە زووترین كات پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەی شارەكە دەست پێبكات، خەڵكەكە بگەڕێتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و قەرەبووی هەژارەكان بكرێتەوە، لە هەمووش گرنگتر وەك داخوازییەكی خەڵكی شنگال و بەتایبەتی ئێزیدیان و چیای شنگال كە سونبلی ئایینی ئێزیدییانە دیلەكانمان لە ژێر دەستی داعش رزگار بكرێن، ئێمە پێمانوایە ئەم رزگاركردنە جەژنێكی نەتەوەیی و ئایینی و نیشتمانییە، هەروەها بەو رزگاركردنە هەیبەت و كەرامەتی داعش كەوتە ژێر پێڵاوی پێشمەرگە و رێگەی ستراتیژیی نێوان رەققە و مووسڵ پچڕا.
شايانى باسه خەلیل هەروەها گوتی: وتارەكەی جەنابی سەرۆك دووپاتكردنەوەی بەڵێنەكەی بوو كە بەر لەساڵێك بە ئێزیدییانی راگەیاند، كە یان رزگاركردن، یان مردن، بەڵێنیشی دا بارەگایەكی تایبەت لە رۆژئاوای دیجلە لەبەر خاتری رزگاركردنی شنگال دابنرێت، ئەوەبوو بەڵێنەكەی بەجێهێنا، بەیاننامەكی جەنابی سەرۆك پەیامێك بوو بۆ ئەوانەی لە جینۆسایدی شنگال ئەگەر دەستیان نەبوو، یان هاوكاریی تیرۆریستانیان نەكردبوو، ببەخشرێن، بەڵام ئەوانەی دەستیان لەم كارەساتەدا هەبوو لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەكرێت و بە هیچ شێوەیەك لێیان نابوورین. پەیامێكە بۆ ئێزیدییان كە پشتیوانییەكتان هەیە ئەویش سەرۆك بارزانی و هەرێمی كوردستانە و هەمیشە پارێزگاریتان لێدەكرێت، هاوكات پەیامێك بوو كە هیچ هێزێكی دنیا ناتوانێت ئایینی ئێزیدی لەناو ببات. ئەوە پەیامێكە بۆ ئەوەی كە شنگال شاری ئێزیدییانە و چیای شنگالیش سونبلی نەتەوەییە، بۆیە پێویستە خزمەتێكی بەرچاو بكرێت و بە زووترین كات ئاوەدان بكرێتەوە.
لە كۆتایی قسەكانیدا مەحما گوتی: پێش دەستپێكردنی پرۆسەی ئازادكردنی شنگال، هێزی یەپەگە ئاستەنگی دەخستە بەردەم پێشمەرگە، بۆیە هێزی پێشمەرگە لەسەر داوای جەنابی سەرۆك و خەڵكی ئێزیدی شنگال بۆ پشتیوانی هاتنە ئەم دەڤەرە. بەمجۆرە هێزی بەشداربوو لە ئۆپەراسیۆنەی رزگاركردنی شنگال بریتی بوون لە، هێزی فەرماندەی چیای شنگال، هێزی ئاسمانی هاوپەیمانان، تەنانەت هەندێ راوێژكاری ئەمریكی بۆ پێدانی راوێژ لێرە ئامادەبوون و هەمانگییان لەگەڵ هێزی پێشمەرگە و فڕۆكەكانی هاوپەیمانیدا هەبوو. هیچ هێزی دیكەی لێ نەبوو، ئەوەی هەندێ میدیا باسی دەكات بە بەشداریی هێزی دیكە بۆ بەرژەوەندیی سیاسییە و لە راستییەوە دوورە، چاویان بە سەركەوتنەكانی پێشمەرگە هەڵنایەت و ناشتوانن بەرگری بكەن و شنگال رزگار بكەن.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1050)
