وەزارەتی خوێندنی باڵا: نابێ داهاتووی نەوەکانمان بکەوێتە مەترسی

 وەزارەتی خوێندنی باڵا: نابێ داهاتووی نەوەکانمان بکەوێتە مەترسی
وەزارەتی خوێندنی باڵا سه‌باره‌ت به‌خۆپیشاندانه‌كه‌ی زانكۆی سلێمانی رایدەگەیێنێ " رۆڵەکانمان لە بەرەکانی جەنگن و کەسانێکیش بەناوی مافی خوێندکار لە هەوڵی پشێوی نانه‌وەدان".

شەوی رابردوو ژمارەیەک لە خوێندکارانی بەشە ناوخۆییەکان کەمپی نوێی زانکۆی سلێمانی گردبوونەوەیەکیان لەبەردەم زانكۆی سلێمانی ئەنجامدا، بەڵام خۆپیشاندانەکە ئاراستەکەی گۆڕاو و تووندوتیژی لێکەوتەوە.

هاوكات د.سەڵاحەدین سەعید، سەرۆكی زانكۆی سلێمانی لە لێدوانێكدا بە (تۆڕی میدیایی رووداو) ی راگەیاند، كە لێپێچینەوەیان لەگەڵ سەرجەم ئەو خوێندكارانە دەستپێكردووە كە پشێوییان ناوەتەوە و سزایان دەدەن. لەبارەی سزاكەش گوتی "جگە لەوەی لەدادگا سكاڵایان لەسەر تۆماردەكرێت، بۆماوەی یەك ساڵیش لە خوێندن دەردەكرێن".

لە راگەیێندراوێکدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی داوا لە خوێندکاران دەکات بەهۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ گردبوونەوەکان بکەن، کە تووندوتیژی و کاری تێکدەرانەی لێده‌کەوێتەوە.

وەزارەتی خویندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەڵێت، بەهەموو جۆرێک دژی ئەوەیە، کە سامان و موڵک و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بکرێنە ئامانج و زیانیان پێ بگەێندرێ، بۆیە لەبەرامبەر هه‌ر هۆکارێک کە رەوتی خوێندن و دامەزراوەکان بشێوێنێ، پشتگیری لە چەسپاندنی یاسا دەکات.

وەزارەت داوا لە ئەنجوومەنی زانکۆی سلێمانی دەکات "کە رێگە نەدات ماڵ و موڵکی گشتی، بەهەدەر بڕوات و دەستدرێژییان بکرێتە سەر، پێویستیشە بەرامبەر بەو کارانەو لەچوارچێوەی یاسا و رێنماییە کارپێکراوەکاندا مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، چونکە پێمانوایە ئەو جۆرە هەڵسوکەوتانە نەک هەر زیان بەخوێندکاران و ناو وناوبانگی زانکۆی سلێمانی و پرۆسەی خوێندن دەگەیێنێ، بەڵکو کاریگەری نەرێنی لەسەر مافی خۆپیشاندانی مەدەنیانەی خوێندکاران بەجێدێڵێ، کە مافێکی دیموکراسیانەی خوێندکارانە".

وەزارەتی خوێندنی باڵا "خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت بەرامبەر بە پاراستنی شکۆ و هەیبەتی مامۆستایان، چونکە مامۆستایان هەڵگری پەیامی پیرۆزن و بەهەزاران نەوەیان بۆ گەلەکەمان پێگەیاندووە و، ئێستاش ئەرکی پێگەیاندنی هەزاران خوێندکاری دیکەیان لەسەرشانە، سه‌رباری ئه‌وانه‌ش بەرگەی ناسەقامگیری باری دارایی و ئەمنی هەرێمی کوردستانیان گرتووە و، بێ گوێدانە بەرژەوەندییەکانی خۆیان درێژەیان بەپەیامی زانست و مەعریفەی داوە".

لەکۆتایی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵادا هاتووە " لەکاتێکدا رۆڵەکانمان لە بەرەکانی جەنگن و، بەخوێن بەرگری لە نیشتمانەکەمان دەکەن، کەچی کەسانێکیش لەناوخۆی نیشتماندا بەناوی مافی خوێندکار لە هەوڵدان لەڕێی پشێووینانه‌وە، شکاندنی دەزگاو دامەزراوەکانی خوێندکاران ئەم پرۆسەیە پەک بخه‌ن، بۆیە ئێمە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە سەرباری ئەو دۆخە نالەبارەی هەیە، دەبێت رەوتی خوێندن بەردەوام بێت و داهاتووی نەوەکانمان لەڕێی کەسانی نابەرپرسەوە نەکەوێتە ژێر مەترسییەوە".
Top