"پەرلەمانی عێراق له ‌ئاست خورماتوودا كه‌مته‌رخه‌مه‌"

په‌رله‌مانتارە كوردێکی پەرلەمانی به‌غدا، دەڵێت په‌رله‌مانی عێراق لەو ڕووداوانه‌ی خورماتوو كه‌مته‌رخه‌مە.

ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە ڕۆژی پێنجشەمەوە شارۆچكەی خورماتوو ئاڵۆزکاوە؛ هاووڵاتیی لاشەر دەرفێندرێت و، بە دیل دەگیرێت و ماڵ و مڵكی هاووڵاتیان دەسووتێندرێت، بەڵام ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆكایەتییەكەی زۆر كەمتەرخەمن لەو بابەتە. تەنها لە كۆتایی دانیشتنەكەی ئەمڕۆی پەرلەماندا سەرۆكی پەرلەمان زۆر بەسادەیی چەند قسەیەكی لەوبارەیەوە كرد. بەڵام زۆر گرنگ و پێویست بوو هەر لە سەرەتای گرژییەكەوە پەرلەمان ڕۆڵی خۆی بگێڕێت و لیژنەیەك دروست بكات و ڕەوانەی ناوچەكەی كردبا. خۆ لە ڕێگەی میدیاكانەوە زانیومانە نوێنەری پەرلەمان و سەرۆكی كۆمار ئەمرۆ چونەتە دووزخورماتوو."

(جاف) ڕوونیشی كردەوە: "بە داخەوە لەو كاتەی كە پێشمەرگە ئەم هەموو داستان و سەركەوتنە گەورەیە تۆمار دەكات و تیرۆریستانی داعش دوور دەخاتەوە لەسەر خاكی ئەم وڵاتە، زۆر پێم سەیرە كە ئەم هەڕەشانە لە دووز لە پێشمەرگە و هاووڵاتیانی كورد كرا و، ئەم گرژیانە دروست كرا، كە هاوكات بوو لەگەڵ ئۆپەراسیۆنی هێزی پێشمەرگە لە شنگال، ئەمەش زۆر جێگەی گومانە! هیچ ناچێتە ئەقڵەوە كە لەو وڵاتەدا چەند ڕۆژە ئەم هێرشانە دەكرێت و لایەنێك نەبێ ئەم گرژییە هێور بكاتەوە. ئێمە بیستوومانە هاوڵاتیی سڤیل لای داعش بە دیل بگیرێت بەڵام زۆر كارەساتە كە دەبیسین حەشدی‌شەعبی خەڵک بە دیل دەگرێ!"
گوتیشی: "ئێمە داوامان كرووە كە هەرچی زووە پەرلەمانی عێراق ڕۆڵی خۆی بگێڕێت و چارەسەری ئەم كێشە و ئاڵۆزییە بكات و، تاوانبار و خولقێنەرانی ئەم ڕەوشە بدرێنە دادگا."
Top