شەشۆ: سەرۆک بارزانی بەڵێنەکەی خۆی لەگەڵ کوردانی ئێزدی بردە سەر
(قاسم شەشۆ) فەرماندەی پێشمەرگە لە شنگال گوتی: ئێمە وەک کوردانی ئێزدی سوپاسی (سەرۆک بارزانی) فەرماندەی هێزە چەکدارەکان دەکەین، کە بەڵێنەکەی خۆی بردە سەر و شنگالی ئازاد و لە شنگال مزگێنیی سەرکەوتنی ئەو شارەی بە هەموو جیهان ڕاگەیاند.
گوتیشی: "ئەو گوتەی (سەرۆک بارزانی) سەرنجی زۆری ئێمەی ڕاکێشا، کە ڕایگەیاند جگە لە ئاڵای کوردستان ڕێگە نادەین هیچ ئاڵایەکی دیکە لە شنگال هەڵبدرێت، ئەوەیش ئێمەی زۆر خۆشحاڵ کرد، کە بۆ هیچ لایەنێکی نەهێشتەوە کە بۆ مەڕامی خۆ مزادەی سیاسی بە شنگال بکەن."
(شەشۆ) ئەوەشی گوت: "شنگال گرنگی و تایبەتمەندی خۆی هەیە بۆ گەلی کورد، بۆ تێکشکاندنی داعش، هەڵکەوتەی جوگرافیای شنگال بۆ داعش بە شادەماری ڕێگای سەرەکی نێوان سووریا -عێراق دادەنرێت، بەوەی چیتر داعش ناتوانێ پەیوەندییەکانی لەگەڵ سوریا لەم ڕێگەیەوە بەردەوامی پێبدات کە ڕێگای سەرەکییان بوو بۆ شاری ڕەقە لە سوریا، هەروەها کۆنتڕۆڵکردنەوەی شنگال، واتا هەنگاوێک زیاتر چوونە پێش بۆ ئازادکردنی پارێزگای نەینەوا."
