فەرماندەیەکی پێشمەرگە هەڕەشە دەکات و عەبادیش بەدواداچوون بۆ شەڕی حەشدی شەعبی و پێشمەرگە دەکات
حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرمانی کردووە لیژنەکە سەردانی شارۆچکەی دووزخورماتوو لە پارێزگای کەرکووک بکات، بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ گرژییەکان.
حەیدە عەبادی هەروەها بڕیاری داوە چەند فەرماندەیەکی سەربازیی و پۆلیس یاوەریی لیژنەکە بکەن، بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی لە شارۆچکەکە.
بەهۆی دەستدرێژییەکانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی شیعە مەزهەب بۆ سەر ماڵ و گیانی کوردان لە شارۆچکەکە، شەڕو گرژیی لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش لەلایەک و چەکدارانی ئەو میلیشیایە لەلایەکەی دیکە، روویداوە و بەپێی زانیارییەکانیش، شەش هاووڵاتیی کورد و کارمەندێکی ئاسایش شەهیدبوون، وێڕای سووتاندنی دووکان و شوێنی کوردان لەلایەن ئەو چەکدارانەوە.
ئێوارەی رۆژی هەینی 13ـی تشرینی یەکەمی 2015، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی یەکەی 70ـی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان هەڕەشەی لەو چەکدارانە کرد و رایگەیاند، ”ناچارمان بکەن، بە توندترین شێوە وەڵامیان دەدەینەوە“.
باسنیوز
