نوجەیفی: دڵنیاین لە سەرکەوتنی پێشمەرگە لە شنگال بە سەرۆکایەتیی بارزانی
ئەسیل نوجەیفی، پارێزگاری پێشووی نەینەوا لە ئەکاونتی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک رایگەیاندووە، کە شەڕی رزگارکردنەوەی قەزای شنگال و دەرکردنی چەکدارانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، ”بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی“ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانە.
ئەسیل نوجەیفی هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە، کە پەیەدە و پەکەکە بوونە هۆی درەنگکەوتنی رزگارکردنەوەی شنگال، چونکە ”چەند بارهەڵگرێکیان بینراون، دەیانویست بێنە دیوی عێراق و ماڵ و سەروەتی گوندە عەرەبییەکان بدزن“.
پارێزگاری پێشووی نەینەوا باسی ئەوەشی کردووە، کە تەنها هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و ئەو هێزە ئێزدییانەی لەژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەدان لە شەڕەکەدا بەشدارن و ”کات لەبار نەبوو بۆ بەشداریکردنی چەکدارانی عەشیرەتە عەرەبەکان“.
نوجەیفی دڵنیایی خۆیشی نیشاندەدات لەوەی، هێزەکانی پێشمەرگە بە سەرۆکایەتیی مەسعود بارزانی، ”توانای سەرکەوتنیان هەیە“ بەسەر داعش و رێگریکردن لە دزیی و تاڵانکردن.
باسنيوز
