فەرماندەیی پێشمەرگە لە شنگال: یه‌په‌ژه‌ و یه‌په‌گه‌ ڕاست ناكه‌ن.. پێشمه‌رگه‌ شنگال لە دەستی تیرۆریستان ئازاد دەكات

فەرماندەیی پێشمەرگە لە شنگال: یه‌په‌ژه‌ و یه‌په‌گه‌ ڕاست ناكه‌ن.. پێشمه‌رگه‌ شنگال لە دەستی تیرۆریستان ئازاد دەكات
فەرماندەیی پێشمەرگە لە شنگال، ڕوونكردنه‌وه‌ی بۆ ڕای گشتی كوردستان دا و، تێیدا ئه‌و هه‌وال و ده‌نگۆیانه‌ ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، گوایه‌ یه‌په‌ژه‌ و یه‌په‌گه‌ی سه‌ر به‌ په‌كه‌كه‌ جوونه‌ته‌ نێو شنگاله‌وه‌ و، جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، هه‌ر پێشمه‌رگه‌یه‌ كه‌ شنگال ئازاد ده‌كات.
ده‌قی راگه‌یاندنه‌كه‌:

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 11ـی 11ـی 2015، تەلەڤزیۆنی كوردساتنیوزی سەر بە ینك و نەورۆز تیڤیی سەر بە پەكەكە، باسی ئەوەیان كردووە كە گوایە چەكدارانی یەپەژە و یەپەگەی سەر بە پەكەكە چوونەتە ناو شنگال. لێرەدا بە هەموو لایەك ڕادەگەیێنین كە ئەم دەنگۆ و پڕۆپاگەندانە هیچ بنەمایەكی نییە و دوورە لە ڕاستی و ئامانج لێی كەمكردنی ڕۆڵی پێشمەرگە و نادیتەگرتنی قوربانیدانی گەلی كوردستانە بۆ ڕزگاركردنی دەڤەری شنگال.

پەكەكە كە هیچ ڕۆڵێكی لە ناوچەكەدا نییە و دەستكەوتیشی بۆ خەڵكی ئێزدی و گەلی كوردستان نەبووە، لەڕێی بڵاوكردنەوەی پڕۆپاگەندەی بێ بنەما دەیەوێ دووبەرەكی لەنێو خوشك و برا ئێزدییەكانمان دروست بكات. پەكەكە دەمێكە بووەتە كۆسپ لەبەردەم ئازادكردنی شنگال و چاوەڕێ دەكەن پێشمەرگە پەلاماری دوژمن بدات و خوێن ببەخشێ ئەوانیش بێن و سەركەوتنی پێشمەرگە بدزن و خۆیان بكەنە خاوەنی سەركەوتنی پێشمەرگە. ئەگینا بۆ هەتا پێشمەرگە دەست بە ئۆپڕاسیۆن نەكات ئەوان لەشوێنی خۆیان بێدەنگن، ساڵێك زیاترە داعش شنگالی داگیركردووە، ئەگەر پەكەكە ڕاست دەكات چاوەڕێی چییە؟ بۆ نەچوو شنگال ئازاد بكات؟ بۆچی هەتا پێشمەرگە هەڵمەت نەبات ئەوان دەنگیان نییە؟

ئەوەی ئێستا پەكەكە لە ڕێی بڵاوكردنەوەی درۆ و پڕۆپاگەندەی بێبنەما دەیكات سووكایەتیكردنە بە دامودەزگەی ڕەسمیی هەرێم و بە ئێزدییەكان و سووكایەتیكردنە بە خوێنی شەهیدان و هێزی قارەمانی پێشمەرگە. هەموو لایەك چاك دەزانێ برینی خوشك و برا ئێزدییەكانمان و بەو یارییە سیاسییە بێ بەهایەی پەكەكە و هاوشێوەكانی سارێژ ناكرێت. هێزی پێشمەرگەی كوردستان هەروەكچۆن ئابڵۆقەی چیای شنگالی شكاند و سێ ڕێگەی سەرەكیی بۆ دەڤەری شنگال ئازاد كرد، ئێستایش پلانی خۆی هەیە و پشت بەخوا شنگال لە دەستی تیرۆریستان ئازاد دەكات و تەنیا پێشمەرگەیە دەتوانێ ئازادی و ئۆقرەیی و ئاساییش و دواڕۆژی گەش بۆ خوشك و برا ئێزیدییەكان مسۆگەر بكات.

بژی كوردستان، بژی پێشمەرگە، نەمری بۆ شەهیدەكانمان

سەرچاوەیەكی سەربازی لە فەرماندەیی پێشمەرگە لە شنگال

11ـی 11ـی 2015
Top