"ماڵی ئێزدیان دروستكراوه‌ی په‌كه‌كه‌یه‌ و هیچ پێوه‌ندی به‌ ئێزدییه‌كان و شنگاله‌وه‌ نییه‌"

قاسم شەشۆ ڕایگەیاند، ماڵی ئێزدییەکان، چەند سەرۆکهۆز و فەرماندەیەکی یەکینەکانی بەرخودانی شنگال بەڕێوەی دەبەن؛ ئەو ماڵە پەیوەندیی بە پەکەکەوە هەیە و، ئەوان سەرپەرشتیی دەکەن، ئێمە وەکو کوردانی ئێزدی، گوێ لە هیچ کەس و لایەنێک ناگرین، ته‌نیا فه‌رمانی (سه‌رۆك بارزانی) به‌جێ ده‌گه‌یێنین.

)قاسم شەشۆ) فەرماندەی پێشمەرگە لە چیای شنگالەوە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی گوت: "ئەو قسە هیچ نییە کە ماڵی ئێزدییەکان ڕایگەیاندووە شنگال مڵکی پارتی نییە، ماڵی ئێزدییەکان لە لایەن ژمارەیەک سەرۆک عەشیرەت و فەرماندەکانی یەکینەکانی بەرخودانی شنگال بەڕێوە دەبڕێت، ئەو ماڵە پەیوەندیی بە پەکەکەوە هەیە و ئەوان سەرپەرشتیی دەکەن، ئێمە وەکو کوردانی ئێزدی، گوێ لە هیچ کەس و لایەنێک ناگرین، جگە لە سەرۆک بارزانی؛ هەر فەرمانێک دەربکات ئێمە ئامادەین جێبەجێی بکەین، چونکە ئەگەر شنگال ماڵی سەرۆک بارزانی و پارتی نەبێت، ئەی کێ خۆی لە شنگال و شنگالییەکانی کردووەتەوە خاوەن."

گوتیشی: "پەکەکە ڕێگرە لە ئازادکردنی شنگال، بۆیە چۆن ڕێگە بەو لایەنە دەدەین لە شنگال بمێنێتەوە کە ڕێگرە لە ئازادکردنی شارەکە، تەنانەت ئەگەر کارەساتێکی دیکەش بەسەر کوردانی ئێزدیدا بێت ئامادەین، بەڵام ناهێڵین پەکەکە لە شنگال بمێنێتەوە، ئەرکی پەکەکە شنگال نییە، بەڵکو باکووری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستانە، با بچێت ناوچەکانی خۆیان لە سوریا و تورکیا ڕزگار بکات، نەک ببێتە کێشە بۆ پێشمەرگە و شنگالییەکان."
Top