رەنگە ئێستا گونجاوترین ساتەوەخت بێت بۆ گۆڕینی سنوورەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

رەنگە ئێستا گونجاوترین ساتەوەخت بێت بۆ گۆڕینی سنوورەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
كیمبرلی مارتین لە ئامۆژگای هاریمان گوتى: بە دڵنیاییەوە دەستێوەردانی رووسیا بە راددەیەكی گەورە بارودۆخەكەی ئاڵۆز كردووە، وەك دەزانین رووسیا بەڕاستی لەم دەستتێوەردانەیدا زۆرجار دەوڵەتی ئیسلامی تیرۆریست ناكاتە ئامانجی هێرشەكانی، لە جیاتی ئەوە گورز لە گرووپە ئۆپۆزسیۆنەكانی دیكە دەدات كە هەوڵدەدەن رژێمی ئەسەد بڕووخێنن، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە كاتێك ویلایەتە یەكگرتووەكان لە بارودۆخەكە دەڕوانێت، ئەوا وەك هاوكارێكی هاوبەش رووسیا نابینێت، بۆیە رووسیا رەوشەكەی ئاڵۆز كردووە، بەڵام ناتوانم بڵێم كە بارودۆخەكە بە ئاڕاستەیەكدا گۆڕاوە كە دەرفەتی باشتر بۆ چارەسەری نێودەوڵەتی بڕەخسێنێت.


كیمبرلی مارتین هەروەها گوتی: پێموانییە لە ئێستادا ئێران دوژمنی ویلایەتە كگرتووەكان بێت، لەبەرئەوەی هەر لەم دواییانەدا رێككەوتنی ئەتۆمی كراوە كە ویلایەتە یەكگرتووەكان سەرەكیترین لایەن بووە تیایدا و هاوكاری زۆری لەگەڵ ئێراندا كردووە، لەبەر ئەوە باوەڕم وانیە بكرێت شتەكان بەسەر رەش و سپیدا دابەش بكرێن، كەواتە بارودۆخەكە بەو شێوەیە نییە لایەنەكان بەسەر دۆست و دوژمندا دابەش بكەین، بەڵكو بارودۆخەكە ئاڵۆزە و دەوڵەتانێكی زۆر تێوەگلاون كە هەر یەكەیان بەرژەوەندی جیاواز و ئاڵۆزیان هەیە. هیوادارم رووسیا لەو راستیە تێبگات كە تەنیا رێگە بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئیسلامییە توندڕەوەكان و بەرهەڵستكارانی لە باكووری قەوقاس ئەوەیە كار لەگەڵ ئەو وڵاتانە بكات كە حكومەتەكانیان سوننەن، لەبەر ئەوەی بەرهەڵستكارە ئیسلامییەكانی رووسیا سوننەن و شیعە نین، ئەمەش واتە بۆ ئەوەی زانیاری بەدەست بێنێت كە پێویستێتی بۆ ئەوەی بتوانێت كاریگەرانە كێشە ناوخۆییەكانی چارەسەر بكات. رووسیا بە هەڵەدا دەچێت ئەگەر لەپاڵ جیهانی شیعە بەرانبەر جیهانی سوننە بوەستێتەوە، بەڕاستی پێویستی بەوەیە كە لەگەڵ دەوڵەتانی سوننەشدا هاوكاری بكات، لەوانەش سعودیە و توركیا و ئەردەن و ئەو لایەنانەی كە بەرژەوەندیی بەهێزیان لە ناوچەكەدا هەیە و زانیارییان هەیە كە دەكرێت بەسوود بن بۆ رووسیا.

شايانى باسه مارتین هەروەها گوتی: وا دەردەكەوێت كە هەردوو سەرۆك پۆتین و ناتانیاهۆ زۆر بە باشی پێكەوە هەڵبكەن و ئەمەشمان لەو رووداوانەی ئەم دواییەدا بەدی كرد كە لە سووریا روویان دا. بۆ نموونە كاتێك ئیسڕائیل لە ٢٠١٣دا هێرشی ئاسمانی ئەنجامدا و سیستەمی هاوردەی چەكی رووسی لە سووریا تێكشكاند، كە پێدەچوو بەرەو سنوور بەڕێ دەكران بۆ ئەوەی بگات بە حزبوڵڵا، هەروەها بەم دواییانەش بینیمان كە رووسیا و ئیسڕائیل تا راددەیەك بە ئاسانی گەیشتن بە رێككەوتنێكی سەربازی بۆ ئەوەی دڵنیا بن ناچنە سەر رێی یەكتر لە سەر ئاسمانی سووریا، بۆیە پێموانییە لە بارودۆخێكدا بین كە رووسیا و ئیسڕائیل ببنە دوژمنی یەك بەم زووانە.
لە درێژەی قسەكانیدا كیمبرلی گوتی: سنوورەكان دەستكردن و لەئەنجامی ناكۆكیی نێوان هێزە كۆلۆنیاڵەكان سەدەیەك لەمەو پێش كێشراون و هیچ پێوەندی بەوەوە نییە چۆن خەڵكی ناوچەكە داهاتووی سیاسیی خۆیان دەبینی لە ئەمڕۆدا، بۆیە پێموایە ئەگەر كاتێك هەبێت بۆ ئەوەی بیر لە گۆڕینی سنوورەكان بكەینەوە، ئەوا رەنگە ئێستا ئەو كاتە گونجاوە بێت.


بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1049)
Top