ئیبراهیم كاڵین: له ده‌ستوری نوێ‌دا كورد فاكته‌رێكی كارا ده‌بێت
له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌ڤانییدا دوێنێ شه‌ممە ئیبراهیم كاڵین گوته‌بێژی فه‌رمیی سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری توركیا هه‌ڵسه‌نگاندنی دوایین هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئەو وڵاتەی كرد و له پرسی دووباره داڕشتنه‌وه‌ی ده‌ستوورێكی مه‌ده‌نی و نوێخواز بۆ توركیا گوتی: "له‌م ده‌ستووره نوێیه‌دا كورد به‌شداره و فاكته‌رێكی كارا ده‌بێت".
كاڵین گوتی "ده‌ستوری ئێستای توركیا له‌لایه‌ن كوده‌تاچییه‌كانی 1982 داڕێژراوه، توركیای ئێستا توركیایه‌كی به‌هێزه و پێویستی به‌م ده‌ستوره نه‌ماوه. پێویستمان به‌ده‌ستوورێكه مافی تورك، كورد، سكۆلار، دیندار، لیبراڵ و سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كان بپارێزێت و به‌رگری لێبكات".
گوته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تیی ئاشكرایكرد، لە سه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه‌ی ده‌ستوردا پێویست به‌دانووستاندنی سه‌رجه‌م لایه‌نه سیاسییه‌كان ده‌كات تاوەکو دوای ئەوە بخرێته به‌رده‌م هاوڵاتییان بۆ ئه‌وه‌ی ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر بده‌ن.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه غالب ئه‌نساری ئۆغڵو په‌رله‌مانتاری كورد له بازنه‌ی ئامه‌دی لیستی ئاكپارتی تایبه‌ت به‌رووداو رایگه‌یاند: "مه‌رجی كورد بۆ پشتگیریكردنی ده‌سه‌ڵاتی ئاكپارتی، ده‌ستورێكی مه‌ده‌نی و نوێخواز بوو كه تێیدا مافی كورد بچه‌سپێنرێت. هه‌روه‌ها ده‌ستوورێك بێت رێز له پێكهاته‌ی نه‌ته‌وه‌یی، مه‌زهه‌بی، ئایینی و بۆچوونه جیاوازه‌كان بگرێت".
له‌باره‌ی گۆڕینی سیسته‌می توركیا بۆ سه‌رۆكایه‌تیی، ئه‌نساری ئۆغڵو رایگه‌یاند، ئه‌م سیسته‌مه نوێیه ده‌بێته مایه‌ی خۆشگوزه‌رانی و سه‌قامگیریی سیاسیی و هێنانەدی دادپه‌روه‌ریی له‌سه‌رانسه‌ری وڵات‌دا. بۆیه گرنگه سیسته‌م بگۆڕدرێت.
رووداو
