"به‌بێ یوئێن و هاوپه‌یمانان رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا بێ سووده‌"

(خه‌سرۆ گۆران) ڕایده‌گه‌یێنێت وه‌ڵامی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان زۆر ڕوون و ئاشكرایە بۆ بەغدا، وەك ئەوەی ڕایگەیاند كە كۆنترۆڵی نەوتی هەرێمی كوردستان نادەینەوە دەست بەغدا ؛ ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانیش دەڵێ: "گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بەبێ بوونی لایەنی سێهەم سوودی نابێت، لایەنی سێهەمیش بریتی بێت لە هاوپەیمانان و یووئێن، نابێ لەیاد بكەین كە لایەنی سێهەم ئێستا لەناو خاكی عێراقدان و دەكرێ لە چاودێریی ڕێكەوتنەكە بكەن و لایەنی پابەندنەبوو دەستنیشان بكەن."

(خەسرو گۆران) سەرۆكی فراكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەندامی سەركردایەتیی پارتی بە ‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "چوونی شاندی هەرێم بۆ بەغدا شتێكی زۆر ئاساییە و، هەموو ساڵێك ئەم كاتانە حكوومەتی هەرێم هەوڵی داوە لەگەڵ بەغدا بۆ پرسی بوودجە دانوستان بكات. پارساڵیش ئەم كاتانە هاتوچۆی شاندی هەرێم بۆ بەغدا پرسێكی گەرم بوو، ڕێكەوتنیش كرا، پاشان ڕێكەوتنەكە كرا بە پرۆژەیاسا و دەنگیشی لەسەر درا، بەڵام بەغدا پێوەی پابەند نەبوو، جێبەجێ نەكرا."

جەختیشی كردەوە كە: "وه‌ڵامی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان زۆر ڕوون و ئاشكرایە بۆ بەغدا، وەك ئەوەی ڕایگەیاند كە كۆنترۆڵی نەوتی هەرێمی كوردستان نادەینەوە دەست بەغدا."

(د. ئەشواق جاف) ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بە داخەوە بەرپرسانی بەغدا یاسا و دەستوورویان جێبەجێ نەكرد، بەڵگەیشمان ئەوەیە كە لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئێمە ڕێكەوتنمان لەگەڵ دەكردن بۆ جێبەجێكردنی مادە دەستوورییەكان، بەڵام لەلایەن بەغداوە ئەم ڕێكەوتنانە جێبەجێ نەدەكران؛ نموونەش ڕێكەوتنە نەوتییەكەی پار كە بەغدا پێوەی پابەند نەبوو كە سەرجەم بەندەكانیشی لە دەستووردا هەبوون. خۆ ئێمە لە قۆناغی ڕێكەوتن دەرچووین و هەموو شتێك كرا بە یاسا بەڵام بە داخەوە لە بوودحەی 2015دا ئەم یاسایە جێبەجێ نەكرا. بۆیە كاتێك بەغدا بوودجە و مووچەی هاووڵاتیانی هەرێمی بڕی ئێمە لە هەرێم ناچار بووین بە بەرپرسیاریەتی خۆمان هەڵسین و دابینكردنی مووچە و بوودجە، سەربەخۆ نەوتی خۆمان بفرۆشین، چۆن بەغدا پارە و بوودجەی هەرێمی بڕیوە و جەخت لە دانوستان دەكاتەوە ئێمەش نەوتی خۆمان سەربەخۆ دەفرۆشین و لە جەخت لە گفتوگۆیش دەكەینەوە."

(جاف) جەختیشی كردەوە كە "گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بەبێ بوونی لایەنی سێهەم سوودی نابێت، لایەنی سێهەمیش بریتی بێت لە هاوپەیمانان و یووئێن، نابێ لەیاد بكەین كە لایەنی سێهەم ئێستا لەناو خاكی عێراقدان و دەكرێ لە چاودێریی ڕێكەوتنەكە بكەن و لایەنی پابەندنەبوو دەستنیشان بكەن. پێویستە ئەم شاندەی كە دەچێتە بەغدا سەرجەم لایەنە كوردەكان پشتگیری بكەن و ناكرێ كێشە ناوەخۆییەكانی هەرێم لەلایەن چەند حزبێكەوە ببرێتە بەغدا و بەغدا وەكو كارتێكی فشار ئەم كێشانە بەرانبەر بە شاندەكە بەكار بێنێت. ئەم وەفدەشی دەچێتە بەغدا وەفدی حكوومەتە نەك حزب، بۆیە دەبێ دەست‌لەناودەست بین."

ئاماژەی بەوەش كرد كە: "پێویستە ئەم وەفدەی دەچێتە بەغدا بڕیاری یەكلاكەرەوەی پێ بێت بۆ كورد، یان دەبێ لە سەرەتاوە بەغدا ناچار بكرێ پابەندبوونی خۆی بە یاسای بوودجە ڕابگەیێنێت و ڕێكوپێك بوودجە و مووچەی هەرێم بنێرێت یان ئەوەتا بڕیاری سەربەخۆ فرۆشتنی نەوتی خۆمان سەداسەد ڕابگەیێنین، ئەمەش بۆ ئەوەی كە ئەم كێشانەی لە 2015 بۆ هەرێم دروست كران دووبارە نەبێتەوە و دیسانەوە مووچە و قەرزمان لە چاوەروانی بەغدا لەسەر كەلەكە نەبێـت."
گوتیشی: "دەبێت هەر بڕیارێك بدرێت لەلایەن حكوومەتی هەرێمەوە سەرجەم لایەنەكان پشتگیریی لێ بكەن، چونكە بە داخەوە وەكو بینیمان هەموویان پشتگیریی ڕێكەوتنەكەیان دەكرد بەڵام هەركە قەیرانێك دروست بوو یان بەرژەوەندی و موزایەداتیان بۆ هاتە پێش هەموو خۆی شاردەوە و ڕەخنەكانیان تەنیا ئاراستەی پارتی دەكرد و ناڵێن ئێمەش پشتگیریمان لەم بڕیارانەدا كردووە."
Top