ئۆجەلان: پەكەكە هۆكاری كەمبوونەوەی دەنگەكانی هەدەپەیە.. دەبووایە گوێی لە سەركردەكانی باشوور بگرتایە
(عوسمان ئۆجەلان) سیاسەتمەدار و برای رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "كۆمەڵێك هۆكار لە پشت كەمبوونەوەی دەنگەكانی هەدەپەوەن، لەوانە هەندێكیان پەیوەندییان بە هەدەپەوە هەیە و هەندێكیش بە پەكەكەوە، بەڵام پەكەكە زیاتر هۆكار بووە، لەبەر ئەوەی نەیتوانی سیاسەتێكی وەها پێڕۆ بكات كە خەڵك زیاتر متمانەی بە پەكەكە و هەدەپە هەبێت، بۆ نموونە لە هەندێك شوێن خەندەقی لێدا كە پێویستی نەدەكرد، ئەوەیش هەڵەیەكی گەورە بوو، لەگەڵ ئەوەی نەتەوەی كورد پێی وا بوو هەدەپە درێژە پە پرۆسەی ئاشتی دەدات، بەڵام لەو ماوەیەی تا هەڵبژاردن دووبارە كرایەوە، هەدەپە نەیتوانی بەردەوامی بە پرۆسەی ئاشتی بدات و پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ (ئۆجەلان) پچڕاند و لەگەڵ سەركردەكانی دیكەی پەكەكە دەستی بە گفتوگۆ كرد، كە هەموو ئەمانە بوونە هۆكار بۆ كەمبوونەوەی دەنگەكانی هەدەپە، چونكە ئەو شەڕەی لە باكوور دەستی پێ كرد، بووە هۆی ئەوەی ژیانی هاووڵاتیان رۆژ بە رۆژ ناخۆش بێت، هەتا بە دەیان خێزان ئاوارەی ناوچەكانی دیكە بوون".
(ئۆجەلان) ڕوونیشی كردەوە، كەمبوونەوەی دەنگەكانی هەدەپە پەیامێك بوو لەلایەن خەڵكەوە بۆ هەدەپە و پەكەكە، كە ئەویش ئەوەیە لە 7ـی حوزەیران دەنگی خۆیان بە هەدەپە دا، بۆیە ئەگەر هەدەپە ئەو پەیامە وەربگرێت ئەم شكستە دەبێتە كاتی، بەڵام ئەگەر وەرینەگرێت لەسەریان گران دەوەستێت.
دەشڵێت: "نەدەبوو هەدەپە گوێی لە سەركردەكانی پەكەكە بگرتبایە، بەڵكە دەبووایە هەدەپە گوێی لە دەنگدەرانی خۆی و سەركردە و سیاسەتمەدارانی باشووری كوردستان گرتبایە، چونكە زیانێكی زۆری لە خۆی و كوردانی باكووری كوردستان دا، بە حوكمی ئەوەی لەگەڵ ئاكپارتی حكوومەتی پێك نەهێنا و گەورەترین فرسەتی مێژوویی لە دەست نەتەوەی كورد دا".
