نێچیرڤان بارزانی: هەنگاوەكانی ئەم دواییە بۆ هێوركردنەوەی بارودۆخەكە بوون

 نێچیرڤان بارزانی: هەنگاوەكانی ئەم دواییە بۆ هێوركردنەوەی بارودۆخەكە بوون
نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمانی ئێران کۆبووەوە و رایگەیاند " هەنگاوەكانی ئەم دواییەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ هێوركردنەوەی بارودۆخەكە بوون ". بەپێی ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش عەلی لاریجانی گوتوویەتی "نابێت رێگا بدرێت ئاژاوە و ناكۆكی لە هەرێمی كوردستان دروست ببێت".

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەكشەممە 18 ی تشرینی یەكەمی 2015، لە تارانی پایتەختی كۆماری ئیسلامیی ئێران، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ عەلی لاریجانی، سەرۆكی پەرلەمانی ئێران کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا باسی بارودۆخی گشتیی عێراق و ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران كراوە. لاریجانی گوتوویەتی "نابێت رێگا بدرێت ئاژاوە و ناكۆكی لە هەرێمی كوردستان دروست ببێت كە ناوچەیەكی ئارامە و، دەبێت هەوڵبدرێت بە گفتوگۆ و دیالۆگ كێشەكان چارەسەربكرێن، هەروەها ئەولەویەتی كارەكان رووبەڕووبوونەوەی مەترسیی تیرۆر و كێشە داراییەكان بێت".

بەپێی ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لاریجانی جەختی لەوەش كردووەتەوە كە كۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەموو كاتەكاندا پاڵپشت و هاوكاری هەرێمی كوردستان بووە و لەو هاوكارییەشی بەردەوام دەبێت. هەروەها هیوای خواستووە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بەگفتوگۆ و لێكگەیشتن چارەسەربكرێن.

بە پیی ماڵپەڕەکە، نێچیرڤان بارزانی هاوكارییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانی بۆ هەرێمی کوردستان بەرزنرخاندووە . سەبارەت بە كێشە نێوخۆییەكانیش گوتوویەتی "ئەو هەنگاوانەی ئەم دواییە هەرێمی كوردستان و حكومەتی هەرێم ناویانە، بۆ هێوركردنەوەی بارودۆخی هەرێمی کوردستان بووە و گفتوگۆ و دیالۆگیش لەنێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستاندا بەردەوام دەبێت بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی ناوخۆ."

هەروەها دووپاتی كردووەتەوە كە هەوڵ و تەقەلاكان بۆ لەنێوبردنی مەترسیی داعش بەردەوامن. بارزانی جەختی لەوەش کردووەتەوە كە هەرێمی كوردستان بایەخێكی زۆر بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران دەدات و هیوای بەهێزتركردنی پەیوەندییەكانی خواستووە. دەربارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغداش جەختی لەوە كردووەتەوە كە هەوڵەكان بەردەوام دەبن بۆئەوەی بەڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ كێشەكانی نێوان هەردوولا چارەسەربكرێن.











رووداو
Top