ئومێد خۆشناو: بەشداریی کۆبوونەوەی پەرلەمان ناکەین
بە گوتەی ئومێد خۆشناو کۆبوونەوەکەی رۆژی یەکشەممە، بڕیارە لەنێوان سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان بۆ دیاریکردنی رۆژێک بۆ دانیشتنی نائاسایی پەرلەمانی کوردستان لەسەر تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجامبدرێت.
ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە(تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "بەپێی ئەو سەرچاوانەی باس لەوە دەکەن سبەی یەکشەممە 16ـی ئاب دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە، ئێمە لەو بارەیەوە تا ئێستا بە فەرمی ئاگادار نەکراوینەتەوە".
خۆشناو، ئاماژە بەوە دەدات:" ئەوان وەک فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان بەهیچ شێوەیەک بەشداری لەو کۆبوونەوەیە ناکەن".
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە"ئێمە پێمانوایە لە 23ـی حوزەیرانەوە دوای ئەو شێوازە کودەتا ئامێزەی ئەنجامدرا، باوەڕمان بە بنەماکانی سازان و تەوافوق و تێگەیشتنی هاوبەش، هیچ مانایەک بۆ ئەو جۆرە کۆبوونەوانە نامێنێتەوە، پێمانوایە ناکرێت بانێک و دوو هەوا بین لە هەندێک بابەت کۆبوونەوە ئەنجامبدەین و بیروبۆچوونەکان یەکبخەین و لە هەندێک بابەتیش باس لە زۆرینەو کەمینە بکەین".
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەڵێت "پێمانوایە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بە تایبەتی سەرۆکی پەرلەمان ئەوکاتە دەتوانێت کۆبوونەوەیەک بکات و سەرۆکی فراکسیۆنەکان بانگهێشت بکات بۆ یەکخستنی بیروبۆچوونەکان، کاتێک لایەنگیر نەبێت".
خۆشناو، دەشڵێت "سەرۆکی پەرلەمان بەشێکی گرنگە لە لایەنگیری و هاوکات بەشێکە لەو ئاراستەیەی کە بەرەو لێکترازان و بەرەو نەمانی تەوافوقی لەنێوان لایەنەکان دەکرێت، بۆیە ئێمە بەهیچ شێوەیەک بەشداریی لەو کۆبوونەوانە ناکەین".
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، ئەوە دەخاتەڕوو، کە ئەوان لەکاتێکدا بەشداری لە کۆبوونەوەی دەستەی سەرۆکایەتی و سەرۆکی فراکسیۆنەکان دەکەن "ئەگەر هەموو لایەنەکان بگەڕێینەوە بۆ ئەو بنەما بنەڕەتیانەی کە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و حکومەتی لەسەر پێکهات کە بریتی بوو لە تەوافوق و سازان و تێگەیشتنی هاوبەش لە نێوان لایەنەکان، بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەو بنەمایانە مومکین نییە ئێمە لە هیچ کۆبوونەوەیەک بەشداری بکەین".
دوای ئەوەی لە 23-ی حوزەیران یەکێتی، گۆڕان، کۆمەڵ و یەکگرتوو توانیان خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژە یاساکانی هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بکەن سەرەڕای بایکۆتی دانیشتنی پەرلەمان لەلایەن پارتییەوە، لە 29-7-2015 لیژنەی یاسایی کۆبوونەوەو راپۆرتی خۆیان لەسەر ئەو پرۆژە یاسایە نووسی.
لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان بەبێ پارتی راپۆرتی خۆیان لەسەر پرۆژەیاساکە نووسی و لە رۆژی یەکشەممە 9-8-2015 بە واژۆی نوێنەرانی یەکێتی، گۆڕان و یەکگرتوو درایە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان.
