یەکێتی: ئەگەر نەسازێین هانابردن بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت‌ رێگای دروستی دیموكراسییە

 یەکێتی: ئەگەر نەسازێین هانابردن بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت‌ رێگای دروستی دیموكراسییە
مەکتەبی سیاسی یەکیتی نیشتمانی کوردستان بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندانی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێک ئاراستەی سەرۆک و ئەندامانی سەرکردایەتی پارتی دەکات.

لە پەیامەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی هاتووە:" لەكاتێكدا یەكێتی پیرۆزبایی لێكردنتان بە ئەركی رێزگرتن لە مێژوی پارتی‌و قوربانیەكانی لەسەر كوردایەتی‌و دەستكەوتە هاوبەشە بەدیهاتوەكان لە شۆڕش‌و دوای راپەڕین دەزانێ‌، لەهەمانكاتدا، داواكارە، سازان بە چەمكە راستەقینەكەی‌و جومگە مێژووییەكەی، سەیر بكرێ‌‌و بكرێتە بنەمای نزیكبونەوەی سیاسی هەموو لایەكمان".

هەروەها مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە پەیامەکەیدا بۆ پارتی دەڵێت:" بۆ سەرخستنی دەستوورێكی گەلپەسەندی رێڕەوە سرووشتی‌و یاساییەكانی پەرلەمان، بێگومان سازانی راستەقینە بەدیبێنین، حیكمەتی سیاسی لایەنە سیاسییەكان دەچەسپێنین، خوانەخواستە، لەرووی سیاسیەوە نەسازێین، هانابردن بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت‌و دوابڕیاری رای گشتی، رێگای دروستی دیموكراسییە".

دەقی پەیامەکە:

جەنابی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان
بەرێزان:
ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندی پارتی
سڵاوێكی گەرم

مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، خۆشحاڵە بەبۆنەی (69) هەمین یادی دامەزراندنی پارتی تێكۆشەرەوە، گەرمترین پیرۆزبایی خۆی‌و سەرجەم هەڤاڵانی یەكێتیتان پێشكەش بكات. ئومێدەواریشە، تێپەڕینی ئەم یادە، لەم بارودۆخەدا، كە ناوچەكەو عێراق‌و كوردستان، بەتایبەتی شەڕی داسەپاوی داعش بەسەر ناوچەكەو گەلەكەمان، تێدەپەڕێ‌، یادێكی هاندەری پێكەوە خەباتی هاوبەشمان بێ‌ بۆ بەزاندنی داعشەكان‌و، راپەڕاندنی ئەركە هاوبەشەكان، لەعێراق‌و ناوچەكەو لەبەرامبەر هەر ئەگەرێكی چاوەڕوانكراو، یان چاوەڕواننەكراودا.

لەكاتێكدا یەكێتی پیرۆزبایی لێكردنتان بە ئەركی رێزگرتن لە مێژوی پارتی‌و قوربانیەكانی لەسەر كوردایەتی‌و دەستكەوتە هاوبەشە بەدیهاتوەكان لە شۆڕش‌و دوای راپەڕین دەزانێ‌، لەهەمانكاتدا، داواكارە، سازان بە چەمكە راستەقینەكەی‌و جومگە مێژووییەكەی، سەیر بكرێ‌‌و بكرێتە بنەمای نزیكبونەوەی سیاسی هەموو لایەكمان، بۆ سەرخستنی دەستورێكی گەلپەسەندی رێڕەوە سروشتی‌و یاساییەكانی پەرلەمان؛ بێگومان سازانی راستەقینە بەدیبێنین، حیكمەتی سیاسی لایەنە سیاسییەكان دەچەسپێنین، خوانەخواستە، لەرووی سیاسیەوە نەسازێین، هانابردن بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت‌و دوابڕیاری رای گشتی، رێگای دروستی دیموكراسییە.

جارێكی دیكە، یادی (69) ساڵەی پارتی هاوپەیمان، پیرۆزبێ‌.

بۆ پێشەوە بەرەو دەوڵەمەندكردنی ئەزمونی دیموكراسی‌و خەباتی دەستوریمان.

- رۆحی شەهیدان شاد بێ‌.
- هەر سەركەوتو بن پێشمەرگە قارەمانەكان.
مەكتەبی سیاسی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
15/8/2015
Top