هیوا میرزا سابیر: نەسازێین مەترسیی لێکترازان هەیە.. مەحموود محەممەد: با باوەڕیی کەس فەرز نەکرێ و، خەڵک بڕیار بدات
پاش کۆبوونەوەی هەردوو شاندی پارتیی دیموکراتی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، کە لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکگرتوو ساز درا و دوو سەعاتێک گفتوگۆیان کرد، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ساز درا و تییدا (هیوا میرزا سابیر)، جەختی کردەوە لەوەی کە، پێویستە هەر لایەک لە بەشێک لە تێڕوانین و داواکانی داببەزێ تا بگەیەن بە سازان.
(میرزا سابیر) هەروەها گوتی، لە ٢٢ـی حوزێرانەوە داوامان کردووە کە ئەم بابەتانە دەبێ بە سازان چارە بکرێن و پێش کۆبوونەوەی پەرلەمانیش چارەیان بۆ بدۆزینەو، ئەگینا پاشەڕۆژێکی ڕۆشن چاوەڕێی هەرێم ناکات و لێکترازان دێتە ئاراوە. بۆیە پێویستە بسازێین و ناکۆکییەکان وەلا بنێین، چونکە کێشەگەلێکمان هەن لە سەروویانەوە شەڕی داعش کە هەڕەشەی جیددییە بەسەر هەرێمی کوردستانەوە.
هاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسی و ئەندامی شاندی دانوستانکاری پاریتیی دیموکراتی کوردستان(مەحموود محەممەد) دووپاتی کردەوە کە، دانوستانەکانیان بەردەوام دەبن و هەوڵیشیان بۆ سازانی نیشتیمانییە، چونکە وەک ئەو ئەندامەی شاندی پارتی جەختی لێ کردەوە، پرسی سەرۆکایەتیی هەرێم پرسێکە بە تاک تاکی کوردستانیان و کۆی لایەنەکانی بەشدار و دەرەوەی حکوومەت، هەروەها ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنییشەوە پێوەستە.
هەروەها رایگەیاند، دەبێ بە شێنەیی دانوستان بکەین تا لە ڕێی سازان و لێکتێگەیشتنمانەوە چاکترین ژیان بۆ کوردستانیان دەبین بکەین.
(مەحموود محەممەد) جەختیشی لە باوەڕیی پارتی بۆ چۆنیەتیی چارەی کێشەکان کردەوە و دووپاتی کردەوە، هەڵبەت ڕای جیاواز لەبارەی چۆنیەتیی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمەوە هەیە، پارتی دەڵی با ڕاستەوخۆ و لە کایەن گەلەوە هەڵبژێردرێ، هەندێ لایەنیش دەڵین دەبێ لە پەرلەمانەوە بێ، بەڵام دەکرێ بیر و ڕاکانمان لە بارەی ڕێکخستنەوەی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم و، دەستەڵاتەکانی حکوومەت و پەرلەمان ڕێک بخەینەوە. بۆ ئەوەی کە ڕای هیچ یەکێکیش پێوەست بە هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم فەرز نەکرێ، با بۆ ڕای گتی بگەڕێینەوە و با خەڵک بڕیار بدات و، خەڵکیش چ بڕیارێکی دا هەمووان پێیەوە پابەند بین.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی ئاامژەیشی دا کە، پێمان وایە ئەم پرسانە چەندە یاسایین زیاتر سیاسین، ئاخر پێشتریش پرسە ڕەهەند نیشتیمانییەکان بە سازان و لە دەرەوەی پەرلەمانەوە بوون، دواتر پەرلەمان بەرگی یاسایی بەبەردا کردوون، عەجەبا ئێستا و بۆ ئەم پرسە گرینگ و نیشتیمانییە، هەندێ لایەن ناسازێن!
