وەزیری بەرگری عێراق: هاوکارییەکان بۆ پێشمەرگە وەک پێویست نییە
ئێوارەی رۆژی سێشەممە 11ـی ئابی 2015، ھۆشیار عەبدوڵڵا، عەبدولعەزیز حەسەن و شاخەوان عەبدوڵڵا، پەرلەمانتارانی کورد لە لیژنەی بەرگری و ئاسایش، لەگەڵ خالید عوبەیدی، وەزیری بەرگریی عێراق کۆبوونەوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی هۆشیار عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان، ئامانجی سەرەکی سەردانەکە چەند خاڵێک بووە، وەک ”لێکۆڵینەوە لە چەندێتی و چۆنێتی ھاوکاریی وەزارەتی بەرگری لەگەڵ وەزارتی پێشمەرگە و بودجەی پێشمەرگە لە پشکی ھێزە وشکانییەکانی عێراق و پشکی کورد و پاراستنی باڵانس لە دامەزراوەی بەرگری عیراق“.
هۆشیار عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەشکردووە، کە بەرزکردنەوەی پلەی سەربازیی ئەفسەرانی کورد لە وەزارەتی بەرگریی عێراق تەوەرێکی کۆبوونەوەکە بووە و عوبەیدی رایگەیاندووە، شێوازێک بۆ ئەمە دانراوە و ”چاوەڕێی پەسەندکردنی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراقین“.
خالید عوبەیدی لەبارەی هاوکارییکردنی وەزارەتی پێشمەرگە، گوتویەتی، ”ئەوەی لە تواناماندا بووبێت ھاوکاریی وەزارەتی پێشمەرگەمان کردووە“، ئاماژەی بەوەشکردووە، کە ئێستا ”بەھۆی خراپیی دۆخی خۆمان، ھاوکارییەکان لە ئاست خواستی ھیچ لاماندا نییە“.
وەزیری بەرگری عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە، کە هاوسەنگیی پێکهاتەکان لە وەزارەتەکی دەپارێزرێت و پۆستی سەرۆک ئەرکانی سوپا بۆ کورد یەکلایی کراوەتەوە.
باسنیوز
