مەحموود محەممەد: تێڕوانینی هەندێ لایەن گۆڕاوە، وەک پێش ٢٣ـی حوزێران نەماوە
ئەندامی مەکتەبی سیاسی و ئەندامی شاندی دانوستانکاری پارتیی دیموکراتی کوردستان(مەحموود محەممەد) ئەمرۆ سێشەممە دووپاتی کردەوە کە، هەروەک لەگەڵ لایەنەکانی دیدا باسمان کردووە، لەگەڵ حزبی شیوعییشدا گفتوگۆمان کرد و ڕامانگەیاندووە کە، هەوڵمان بۆ بەرەو ئارامی و خۆشگوزەرانی زیاتری هاووڵاتیانە، هەوڵمان بۆ ئەوەیە ئاشتی و تەبایی نێوان پێکهاتەکان و گەیشتنە بە سازانی نیشتیمانی بۆ ئەو پرسانەی کە هێشتا چارە نەکراون و پرسی سەرۆکایەتیی هەرێمیش لە پێشیانەوە.
پاش کۆ بوونەوە لەگەڵ حزبی شیوعیی کوردستاندا، لە گۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا (مەحموود محەممەد) جەختیشی کردەوە کە، پرسەکە پیویستی بە سازانە و تێگەیشتنی زیاتری دەوێت، هەڵبەت کە ئەگەر دانیشتنی پێشوەختە کرابایە، ڕەنگە هەموو ئەو هەوڵەی ئێستای نەدەویست.
زیاتر دەربارەی دانوستان و بەدەمەوەچوونی سازانەوە دوا و دەڵێت، ناتوانین بڵێین لایەن هەیە لەگەڵ سازان نییە، بۆیە دەمانەوێ لێکتێگەیشتن زیاتر بێ و، جیاوزییەکانمان نەگەنە ئەو ئاستەی ڕێک نەکەوین. چونکە هیچ شتێک لەو پرسانە و دانوستانەکانی پێوەست پێانەوە وەها نین قابیلی قسەلەسەرکردن و تەفاهوم نەبێت.
دەربارەی پڕۆژەکەی (د. بەرهەم)ـیش گوتی، قسەمان لەگەڵ یەکێتی کردووە تا بزانین دەبێت بە بەرنامەی عەمەلییان تا قسەی لەبارەوە بکەین، دواتر موناقەشەی دەکەین و هیی ڕەتکردنەوە نییە.
(مەحموود محەممەد) دەربارەی ڕوانگای پارتی جارێکی دی بۆ ڕۆژنامەوانانی ڕون کردەوە، ئەوەی ئێمە دەمانەوێ سازانە یان سازش، ئێمە دەڵێین، پێشتر ڕامان وا بووە وڵاتی ئێمە نیمچە پەرلەمانی بێ، بەڵام دواتر گوترا کە سیستمەکە دەبێ پەرلەمانی بێ و ئێمەیش وامان گوت. دەربارەی هەڵبژاردنی سەرۆکیش کە لە پەرلەمان بێ یان ڕاستەوخۆ، دیارە کە پێشتر زۆری لەبارەوە گوتراوە و ڕاکان کۆک نەبوون لەبارەیەوە، بەڵام بۆ یەکلاکردنەوەی ئێمە دەڵێین با ڕاپرسی بکرێ و خەڵک بڕیار بدەن، هەر کامێکیان ویست، ئێمە پێیەوە پابەند دەبین.
هاوکات ئەندامی شاندی دانوستانکاری حزبی شیوعی (کاوە مەحموود) ڕایگەیاند، ئەو لایەنانەی کە پڕۆژەیان هێناوە لە ڕوانگای بەرژەوەندیی خۆیەوە هێناویەتی و خستوویەتییە نێو گفتوگۆکانەوە، بەڵام ئەوەی ئێمە کۆکراوەیەک و بنەمایەکە بۆ سازان لە دەرەوەی پەرلەمان و نزیکبوونەوە لە نێو پەرلەمانیشدا. ئێمە پێشتر پڕۆژەمان هەبووە کە پێمان وابووە بۆ چارەی کێشەکان ئەنجوومەنێک پێک بهێنرێ، دیارە (د. بەرهەم ساڵح)ـیش لە ئێستادا پڕۆژەیەکی هاوشێوەی هەیە.(کاوە مەحموود) هەروەها گوتی، لە کۆتایی مانگی شەشەوە پڕۆژەمان هەبووە، کاتێ باس لە چۆنیەتیی هەڵبژاردنی سەرۆک لە پەرلەمان یان؛ بۆ ئەم پرسەیش ئێمە لەگەڵ سازانی نیشتیمانیی گشتگیرین بۆ پرسی سەرۆکایەتیی هەرێم.
(مەحموود محەممەد) ڕای خۆیانی وەها دووپات کردەوە و گوتی، ئێمە دەمانەوێ تا سازانی نێوانمان هەڵبەت بە بەشداریی کۆی لایەنەکان، لە دەرەوەی پەرلەمان سەرۆک بمێنێتەوە. هەمیشەیش گوتوومانە ئامادەی سازانین، بەڵام کە نەگەیشتینە سازان دەبێ پرسەکە بدەین بە خەڵک تا یەکلای بکەنەوە.
(مەحموود محەممەد) گوتیشی، بە هیواین کێشەکە نەگاتە ٢٠ـی ئەم مانگە و بتوانین پرسی سەرۆکایەتیی هەرێم چارە بکەین.
