پارتی و یەکێتی شەڕی ناوخۆ و دوو ئیدارەیی رەتدەکەنەوە

 پارتی و یەکێتی شەڕی ناوخۆ و دوو ئیدارەیی رەتدەکەنەوە
پارتی و یەکێتی لە کۆبوونەوەیاندا هەر هەوڵێکی دوو ئیدارەییان ڕەت کردەوە. پاش کۆبوونەوەیش (مەحموود محەممەد) رایگەیاند، ڕاستە لەگەڵ یەکێتیدا جیاوازیمان هەن، بەڵام ئاسایین و دەبێ هەوڵ بدەین لەبارەی کێشەکانەوە خاڵی هاوبەش بدۆزینەوە و کاریان لەسەر بکەین. گوتیشی، ئەوەی کە پێوەستە بە هەمووارکردنەوەی دەستەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم، ئەوا دەستەڵاتەکان گرێدراوی دەستەڵاتەکانی حکوومەت و پەرلەمانی کوردستانن، بۆیە هەر دەستکاریکردنێک، بە واتای دەستکاریکردنی دەستەڵاتەکانی هەرسێ سەرۆکایەتییەکەیە.

(عیماد ئەحمەد)ـیش دەڵێت، دەربارەی ئەو جیاوازیانەیەی کە پێوەستن بە پرسی سەرۆکایەتیی هەرێم و کێشەکانی دیکەوە دەبێ گەشبین بین بە گەیشتنە چارەسەر، چونکە جیاوازییەکانمان قابیلی چارەسەرن.

پاش کۆبوونەوەی شاندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی (کۆسرەت رەسووڵ) و پارتیی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی (نێچیرڤان بارزانی) کە لە هەولێر ساز درا، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ساز درا و ئەندامی مەکتەنی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان(عیماد ئەحمەد) تێیدا ڕایگەیاند، لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی پارتیدا کۆ بووینەوە و کێشەگەلێکمان تاوتوو کردن، جەختمان کردووەتەوە کە، پێویستە یەکڕیزیی نێو ماڵی کورد بپارێزین و، لە کۆبوونەوەکانمادا بەردەوام دەبین. گەشبینیشین بە گەیشتنە چارە.
هاوکات (مەحموود محەممەد) ئەندامی شاندی پارتی لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا گوتی:" ئێستا کوردستان لە دۆخێکی هەستیاردایە و بەرپرسیاریەتییەکە دەکەوێتە سەرشانی هەردوولایەنی یەکێتی و پارتی، هەردوولا دەبێ لە خەمی دۆخەکەدا بن زیاتر لە هەرلایەنێکی دیکە".


ئەو ئەندامەی شاندی پارتی کۆبوونەوەکەی بە کۆبوونەوەیەکی باش ناوزەد کرد و رایگەیاند:" کۆبوونەوەکەمان کۆبوونەوەیەکی باش بوو و بە راشکاوی قسەکانمان کرد، کۆبوونەوەی دیکەمان دەبێ لە سبەی و دوو سبەی بۆ گفتوگۆکردنی زیاتر لەسەر ئەو پرسانە کە ئێستا قسەی لەسەر دەکرێ".
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان(مەحموود محەممەد) رایگەیاند، ئەم بارودۆخەی کوردستان و عێراق بە گشتی، بەرپرسارەتی یەکێتیی نیشتیمانی و پارتیی دیموکراتی کوردستانی قورستر کردووە و، دەبێ لە خەم ئەم پرسەیشدا بن، بۆ ئەم بابەتانە لە کۆبووەی ئەمڕۆماندا گفتوگۆی زۆر کراوە و هیی دیکەیش دەکەین، تا بتوانین لەم پرسانە دەرباز ببین و ڕازیبوونی هەمووان بە دەست بێنین، چونکە بەرپرسارەتی ئەم دوو حزبە گەورەترە.

(مەحموود محەممەد) هاوکات گوتی، وەک یەک تیم باسمان لە گرفتەکان کردووە و هەوڵیش دەدەین ڕێگەچارەی پێویست بۆ قەیرانەکان بدۆزینەوە.
لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەواناندا دەربارەی پڕۆژەکەیان (عیماد ئەحمەد) گوتی، ئەو پڕۆژەیەی پێشکەشمان کردووە، باسمان کرد، ئێمە لە مەکتەبی سیاسیماندا تاوتووی دەکەین و دواتر بڕیاری لێ دەدەین.
هەروەها دەڵێ، ئێمە وەک یەکێتی لەم دەستەڵات و بەرهەمە شەریک بووین، بە ئاشکرایش باسمان کردووە، هەڵبەت لە هەندێ خاڵدا کۆک بووین و لە هەندێکیشیاندا کە جیا بووین پێوەست بەو هاوبەشییە باسمان کردوون، بەڵام خۆ نابێ لە شوێنێکدا کە لەگەڵ پارتیدا جیاوازیمان هەبوو دەبێ بێین و سەنگەر لە یەکدی بگرین، لەگەڵ پارتیدا زۆر جار جیاوازیمان هەبووە و دواجار لەبارەیشییەوە سازاوین.
لە وەڵامی مەترسیی دابەشبوون و دوو ئێدارەییشەوە (عیماد ئەحمەد)گوتی، دژ بە دوو ئیدارەیی و لەتکردنی هەرێمی کوردستانین. ئێمە پێشتر دوو ئیدارەمان هەبووە و لەگەڵ پارتیی دیموکراتی کوردستاندا ڕێککەوتنی ستراتیژیماژن ئەنجام داوە و حکوومەتێکی نیشتیمانیمان پێک هێناوە، بۆیە نە قبووڵی دەکەین نە بە ڕەوایشی دەزانین کە هەر باسیشی بکەین. دەبێ هەوڵیش بدەین کە ئەمە ڕوو نەدات.
دەربارەی ئەو جیاوازیانەیەیشی کە پێوەستن بە پرسی سەرۆکایەتیی هەرێم و کێشەکانی دیکەوە گوتی، دەبێ گەشبین بین بە گەیشتنە چارەسەر، چونکە جیاوازییەکانمان قابیلی چارەسەرن.
جەختیشی کردەوە، وەک یەکێتی گوتوومانە کە کێشەکان بە سازانی نیشتیمانی چارە بکرێن و کۆی لایەنەکان تێیدا بەشدار بن.

لە وەڵامی ئەوەیشدا کە پڕۆژەی پارتی بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە چییە، (مەحموود محەممەد) گوتی، پڕۆژەی ئێمە ئەو خاڵانەیە کە سەرۆک بۆ چۆنیەتیی دەربازبوون لەم قۆناخەدا خستبوونییە ڕوو.زیاتر گوتی، سازانێکیش کە باسی دەکەین ئەوەیە کە کاتی خۆی لە پەیامی سەرۆک بارزانیدا ئاماژەی پێ دراوە.دووپاتیشی کردەوە، ڕای ئێمە وایە کە هەڵبژاردنی سەرۆک لە ناو جەماوەردا بێ، بەڵام کە ئەگەر نەگەیشتینە ڕێککەوتن، ئەوا دەخوازین گەل یەکلای بکاتەوە و، پێمان خۆشە لایەنەکانی دیکەیش بێنە ژێر باری بڕیاری گەلەوە، دەربارەی دەستەڵاتەکانیش قسەمان کردووە و دەڵێین کە لە وەها دۆخێکدا دەبێ چۆن بڕیاری لەبارەوە بدەین.
(مەحموود محەممەد) زیاتر لەم بارەوە دوا و گوتی، ئەگەر قسە لەسەر ئەوەیش بێ کە گەل چۆن بڕیار دەدات کە کۆمسیۆن ناتوانێ ڕیفراندۆم یان هەڵبژاردن ساز بدات، دەبێ هەمووان هاکار بین تا بتوانێ ئەم کارە ئەنجام بدات.. مەرج نییە ئەمڕۆ و سبەی بێ، بەڵام دەشێ بکرێ.
ڕاستە جیاوازیمان هەن، بەڵام ئاسایین و دەبێ هەوڵ بدەین لەبارەی کێشەکانەوە خاڵی هاوبەش بدۆزینەوە و کاریان لەسەر بکەین.
ئەو ئەندامەی شاندی پارتی هەروەها گوتی، ئەوەی کە پێوەستە بە دەستەڵاتەکانی سەرۆکایەتیی هەرێمەوە، چونکە بە دەستەڵاتەکانی دیکەدا گرێدراوە، لە ئەگەری دەستکاریکردنیان دەبێ بە کۆی دەستەڵاتەکانی سەرۆکایەتی، حکوومەت و هیی پەرلەمانیشدا بچینەوە. ئەگینا گرفتی یاسایی دێنێتە پێشەوە و هاوسەنگیی لە نێوان دەستەڵاتەکاندا ناهێڵیتەوە و کارێکی ئاسان نابێ.
ئەگەر هاتوو لایەنەکان لە دەرەوەی پەرلەمانەوە رێک کەوتن، ئەوکات پڕۆژەیاساکەی پەرلەمان چی بەسەر دێت، (مەحموود محەممەد) گوتی، دەیان پڕۆژە لە پەرلەمان هەن پەسندیش نەکراون، بۆیە چ نابێ ئەمەی ئێستایش هەر وا بمێنێتەوە.(مەحموود محەممەد) گوتیشی: "پێویستمان بە کاتی زیاترە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو پرسانە بۆ ئەوەی بتوانین چارەیێک بدۆزینەوە کە هەموو لایەک پێی رازی بێت".

Top