مەکتەبی سیاسیی یەکگرتوو : پرسی سەرۆکایەتی هەرێم چارەسەر دەبێت
لە راگەیەندراوێکدا، مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ئاماژە بەوەدەدات، کە “بەپێی رەشنووسی پرۆژە یاسە پێشكەشكراوەكان، لایەنەكان لەتەواوكردنی ئەم خولەی سەرۆكایەتی هەرێم ناكۆك نین”.
دەقی راگەیەندراوەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتوو:
بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
جەماوەری سەربەرزی كوردستان
حزب و لایەنە سیاسیەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگە
پێشمەرگە قارەمانەكانی سەنگەری بەرگری
كەس و كارو خانەوادەی شەهیدان
بریندارەكانی شەری بەرگری لە نیشتمان
براوخوشكان
ئەمڕۆ گەلەكەمان لەبەردەم كۆمەڵێ پێشهات و تەحددای گەورەدایە كە لەمێژووی گەلەكەماندا ناوازەو بێ وێنەیە كە بە خۆراگری و هەڵمەتی ڕۆڵە قارەمانەكانی نیشتمان لەسەنگەرەكانی بەرگری لە نیشتمانیان و بەخەباتی فیكری و رۆشنبیری و بەخشین و خزمەتگوزاری هاتۆتە كایەوە كە بەسەرسامیەوە دونیای هێناوەتە بەردەم شكۆو مەردایەتی بێ وێنەی پێشمەرگەو بەرێزو حورمەتەوە دەڕواننە پرسی میللەتەكەمان.
ئەم شكۆمەندیە كۆمەڵێ دەستكەوتی گەورەی سیاسی بەدوای خۆیدا هێناوە لە پشتیوانی سیاسی نێودەوڵەتی و پشتیوانیكردنی هێزی پێشمەرگە لەرووی سەربازی و یارمەتی و كۆمەك بۆ ئاوارەكانی ناو هەرێمی كوردستان و هەروەها چرای سەوز هەڵكردن بۆ كۆمپانیاكانی وەبەرهێنانی بواری نەوت و فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی سەربەخۆ، كە هێماو ئاماژەی ئاییندەیەكی پڕشنگدارن بۆ گەلەكەمان.
بەرێزان:
ئێمە لەیەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دوای دەرككردنمان بەو راستیانەو هاتنەكایەی ئاراستەو بیرورای جیاواز لەسەر پرسی ویلایەتی سەرۆكی هەرێم و لەپێناو پاراستنی یەكریزیمان بەبەستنی قۆستنەوەی دەرفەتەكان و گەشەدان بەدەستكەوتەكان و كاروانی سازانی نیشتیمانیمان وەگەرخست بۆ ئەوەی لایەنەكان بگەنە تێگەیشتنێكی هاوبەش لە دۆزینەوەی چارەسەرێكی سیاسی و یاسایی گونجاو بۆ پرسی ویلایەتی سەرۆكی هەرێم، بۆ سەرخستنی ئەم پرسی سازانە مەتبەخێكی سیاسیمان پێكهێناو چەند كۆبوونەوەیەكیان ئەنجامدا.
رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و زانایانی ئاینی و كەسایەتی سیاسی و نووسەرو رۆشنبیرو ئەكادیمیەكان و فەرماندە سەربازییەكان پشتگیری خۆیان بۆ سەرخستنی پرۆسەی سازان دووپاتكردەوەو داوایانكرد لایەنەكان ناكۆكیە سیاسیەكانیان لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەر بكەن، هاوكات هەوڵە ئیقلیمی و نێو دەوڵەتیەكان بۆسەرخستنی پرسی سازان بەردەوامەو گفتوگۆی نێوان لایەنەكان بەئاڕاستەی لەیەك گەیشتن دەروات و خەریكە ڕێگریە فكری و سیاسی و سایكۆلۆژی و ماددیەكان روو لەچارەسەرن و بەپێی رەشنووسی پرۆژە یاسە پێشكەشكراوەكان لایەنەكان لەتەواوكردنی ئەم خولەی سەرۆكایەتی هەرێم ناكۆك نین و ئومێدەوارین بۆ داواكانی تری لایەنەكان لە ئاییندەیەكی نزیكدا بەئەنجام بگەین، هەر بۆیە ئێمە لەیەكگرتووی ئیسلامی كوردستان جارێكی تر بە هەمان گوڕوتینی پێشترەوە هەنگاوەكانی سازان بە ئەنجامی كۆتایی بگەیەنین و خەڵك و نیشتمان لەترس و دڵە راوكێ رزگاربكەین و پارێزگاری لە یەكریزی و دەستكەوتەكانمان بكەین و موصاڵەحەیەكی راستەقینە بكەین و لەهەمانكاتیش بەڵێنی مكاشەفەیش بدەین بۆ دڵنایی و ئاسودەبوونی هاونیشتمانمان.
هەروەها داواكارین لەلایەنە سیاسیەكان بۆ حورمەتگرتن لەو هەموو بانگەوازو پێشنیارە نێودەوڵەتی و ئیقلیمی و ناوخۆیانە بێنەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ، كە لەكۆتاییدا ئەوە تەنها رێگە چارەیە.
ئێمە لە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ئامادەی هەموو خزمەتكردن و ئامادەكاریەكین لەو پێناوەداو شانازیە بۆ یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كەشەرەفی بەگڕخستنی تۆماركردو ببێتە هۆكاری گەرانەوەی رێرەوی سیاسی هەرێمەكەمان بەرەو دەستەبەركردنی ئاییندەیەكی پرشنگدارو گەیشتنی گەلەكەمان بەئامانجە باڵاكانی.
مەكتەبی سیاسی
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان
9-8-2015
باسنيوز
