کردنەوەی نووسینگەى یەکیەتیى ئەورووپا لە هەرێم، کاریگەر دەبێت
(فەلاح مستەفا) بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکوومەت لە لێدوانێکدا رایگەیاند: "ئێمە وەک حکوومەتى هەرێم بە گەرمى پێشوازى لە کردنەوەى نووسینگەى هەماهەنگیى نێردەى یەکیەتیى ئەورووپا لە هەرێمى کوردستان دەکەین و، سوپاسى بەرپرسانى یەکیەتیى ئەورووپا دەکەین کە داواکاریى بەرپرسانى هەرێمى کوردستانیان بە هەند گرت و، بڕیاریان دا نووسینگەیان لە هەرێمى کوردستاندا بکەنەوە."
(فەلاح مستەفا) گوتیشى: "یەکیەتیى ئەورووپا کە پێگەیەکى گرینگى هەیە و لە ٢٨ وڵاتى ئەندام پێکهاتووە، کاریگەرى و سەنگى خۆى هەیە لەسەر ئاستى قەیران و هاوکێشە سیاسى و ئابوورییەکانى جیهان بە گشتى و رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەتایبەتى؛ هاوکات دەتوانێت رۆڵێکى کاریگەر لەم بارودۆخەى ئێستادا ببینێت، ئەویش لە ڕێگەى پشتیوانیکردنى دامەزراوەکانى هەرێمى کوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوەى ئاستەنگەکان."
دووپاتیشی کردەوە، ئەم نووسینگەیە هاوکار دەبێ بۆ سەرخستنى کاروبارەکانى نووسینگەکە و پەرەپێدانى پەیوەندیى زیاترى نێوان هەرێمى کوردستان و یەکیەتیى ئەورووپا.
جێگەى ئاماژەیە، هەرێمى کوردستان لە ماوەى چەند ساڵى رابردوودا لە ڕووى سیاسى و دیپلۆماسى و فراوانکردنى بازنەى پەیوەندییەکانى لەگەڵ کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى، پێشکەوتنى بەرچاوى بەخۆیەوە بینیوە و، تا ئێستا 33 وڵات نوێنەرایەتییان لە هەرێمى کوردستان هەیە کە لە ناویاندا هەر پێنج وڵاتى ئەندامى هەمیشەیى ئەنجوومەنى ئاسایش لەسەر ئاستى کۆنسووڵگەریى گشتى نوێنەرایەتییان لە هەرێمى کوردستاندا هەیە.
