راگەیێندراوی كەشناسی لەسەر بەردەوامبوونی گەرما
دەستەی کەشناسی عێراق رۆژی سێشەممە 4/8/2015 لە بەیاننامەیەکدارایگەیاند، نەخشە و ئاماژەکانی کەشوهەوا هێما بۆ ئەوە دەکەن كە ئەو شەپۆلە گەرمییەی لە هەفتەی رابردووەوە رووی لە عێراق کردووە، ئەم هەفتەیەش بەردەوامبێت و تێكڕای پلەکانی گەرما لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق لەنێوان 48 بۆ 51 پلەی سەدی دەبێت.
لە بەیاننامەکەدا زیاتر هاتووە " پلەکانی گەرما بەردەوامدەبێت لە پلە بەرزییەکەی و هیچ ئاماژەیەک نییە لە رۆژانی کەمی داهاتوو پلەکانی گەرما نزمبێتەوە، جگە لە هەندێک نزمبوونەوەی کەم نەبێت لە چەند پارێزگایەک".
هاوكات فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان رايگەیاند " ئەو شەپۆلە گەرمییە تا كۆتایی ئەم هەفتەیە بەردەوامدەبێت، پلەكانی گەرما لە رۆاژنی سەرەتای هەفتەی داهاتوو 3 بۆ 4 پلە دادەبەزن، بەڵام دواتر بەرزدەبێتەوە و تاوەكو نێوەڕاستی ئەم مانگەش وەك خۆی دەمێنێتەوە".
فازڵ ئیبراهیم گوتیشی " ئەمڕۆ لە ناوچەكانی خانەقین و كەركووك پلەی گەرمی 49 بۆ 50 پلەی سەدی بووە، لە سەرەتای هەفتەی داهاتووش كاتێك ئەو چەند رۆژە پلەی گەرمی نزمدەبێتەوە، لە هەولێر دەگاتە 44 پلە، لە دهۆك و سلێمانیش 40 بۆ 42 پلە دەبێت".
هەفتەی رابردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، لە پێنجشەممەوە تاوەکو دووشەممە پشووی فەرمیان راگەیاند. بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە کەمپەکانی نیشتەجێبوونی ئاوارەکان لە عێراق زیاتر لە 50 کەس گیانیان لەدەستداوە و زۆرینەشیان منداڵبوون.
رووداو
