قاسم سولەیمانی پەیامی ئێرانی لەبارەی بارزانییەوە گەیاندە گۆڕان و یەکێتی
سەرچاوەیەکی ئاگاداری کۆبوونەوەکان لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی رايگەیاند: "قاسم سولەیمانی لە چەند رۆژی رابردوودا لەگەڵ هەریەکە لە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و کۆسرەت رەسووڵ و بەرهەم ساڵح، هەروەها لەگەڵ نەوشیروان مستەفاش کۆبووەوە و پێیڕاگەیاندن کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ مانەوەی بارزانیدایە لە پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان".
سەرچاوەکەی رووداو لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئەوەشی ئاشکراکرد کە سولەیمانی بە سەرکردەکانی یەکێتی و گۆڕانی گوتووە: "کاتی ئەوە نییە هەرێمی کوردستان بە قەیرانی وەکو ئەوەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانەوە سەرقاڵ بکرێت و پێویستە هەموو تواناکان یەکبخرێن بۆ شەڕی دژی داعش و ئەو تەحەدییانەی دیکە کە لەبەردەم هەرێمی کوردستاندان. چونکە ناوچەکە بەگشتی پێویستی بە ئارامییە و ئێرانیش لەگەڵ ئەو ئارامییەدایە". هەروەها سولەیمانی گوتوویەتی: "راست نییە کەسایەتییەکی وەکو مەسعود بارزانی بشکێندرێت و بخرێتە نێو ئەو جۆرە گەنگەشانەوە کە ئێستا لەسەر پرسی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دروستکراوە".
بەپێی زانیارییەکان سولەیمانی دوو جار، بەر لە چوونە سلێمانی و دوای گەڕانەوەی، سەردانی هەولێری کردووە و لەگەڵ هەریەکە لە مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەتەوە. لەو سەردانانەدا سولەیمانی هەمان هەڵوێست کە بە سەرکردایەتیی یەکێتی و گۆڕانی راگەیاندووە، بۆ هەردوو بارزانیشی دووپاتکردووەتەوە.
حەسەن باوەفا، جێگری سەرکۆنسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەبارەی سەردانەکەی سولەیمانی بۆ هەرێمی کوردستان، بە هەفتەنامەی (رووداو)ی راگەیاندووە: "ئاغای سولەیمانی کە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە، باسی مەسەلەی ئاسایشی ناوچەکە دەکات، چونکە دوژمنانی ئێمە ئاسایشی ناوچەکەیان ناوێت".
سەبارەت بە کێشەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش، باوەفا هەڵوێستی دەوڵەتەکەی روونکردووەتەوە و رایگەیاندووە: "کێشەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کێشەیەکی نێوخۆییە و دەبێ لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان چارەسەربکرێت، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ئێمە پشتگیری لە هەموو لایەنەکان دەکەین".
رووداو
