خەریكە سەركەوتن و پێشڕەوییەكانی سوپای عێراق سنووردار دەبێت

خەریكە سەركەوتن و پێشڕەوییەكانی سوپای عێراق سنووردار دەبێت
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان تۆفیق یاسری شارەزای سەربازیی عێراقی بۆ گوتى: نەبوونی سەنتڕاڵیەت و فەرمانی مەركەزی لە لایەن سەرووی خۆیانەوە بۆ سوپاو هێزەكان، ئەمە هۆكاری سەرەكییە لەو شكست و درەنگ بەدەستهێنانی سەركەوتن و پێشڕەوییەدا، پاشان ئەوەندە داعشیان گەورەكردو بایەخی پێدەدەن هەر لەگەڵ هاتنی هێزێكی داعش ئەگەر بچووكیش بێت ئەوا یەكسەر لە هەندێ شوێن ورەی هێزی سوپاو حەشدی شەعبی و چەكدارانی عەشایر دادەبەزێت و تەنانەت لە هەندێ شوێندا تانك و زرێپۆش و تەقەمەنیش بەجێ دێڵن و رادەكەن، هاوكات كەمیی ئاڕاستەكردن و رۆشنبیری و ئامۆژگاری و موحازەرە بۆ سەربازو بەرزكردنەوەی لایەنی باری دەروونیی سەربازو چەكداران ئەمانە هەموویان كاریگەرییان هەیە بۆ سەر ئاستی شكست یان سەركەوتن لە شەڕەكاندا.

تۆفیق یاسرى هەروەها گوتی: پرسی موسڵ زۆر گرنگە، ئەم پارێزگایە ئازاد ناكرێت، ئەگەر ئەنبارو بیابانی رۆژئاوا ئازادنەكرێت و داعش لەو شوێنانە دەرنەكرێت، دەبێ هێڵی پێوەندی و هاتوچۆی نێوان سوریاو عێراق بە یەكجاری ببڕدرێت، ئەوجا دەكرێ باس لە ئازادكردنی موسڵ بكرێت، بەڵام سەیرە ناتوانرێت ئەو رێگە نێودەوڵەتییە كۆنتڕۆڵ بكرێت كە ئەگەر هەوڵ و پلانی تۆكمەی سەربازی هەبێت رەنگە بتوانرێت ئەو شادەمارە بەیەكجاری بپچڕێنرێت.

شايانى باسه یاسرى هەروەها گوتی: گریمان ئەو داعشە لەدایكبووی دوێنێ بێت، بەڵام هەتا ئەگەر ئەمەش تەواو بێت رەنگە داعشێكی دیكەی بەدوادا بێت، چۆن بینیمان سەرەتا تاڵیبان و ئەلقاعیدە دروست بوون دواتر لە سوریا جەبهەی نوسرەو تاقمی دیكە هاتنەكایەوە، ئێستاش ئەو داعشە سەرەتا لە عێراق و سوریا بوون ئێستا لە یەمەن و لیبیاو میسرو تونس شوێنەكانی دیكەش سەریان هەڵداوەو بەهێز بوونە، نازانین ئەو داعشە چییە بەم شێوەو بەم خێراییە تەشەنەی كردووەو بەهێز بووە!.

تۆفیق لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: من لەو باوەڕەدام ئەو هەموو سەربازو چەكدارو چەك و تەقەمەنییە چارەنووسیان چۆن بێت، من گوێم لێبووە كە راوبۆچوونێك هەیە گوایە هێزەكانی حەشدی شەعبی دێنە نێو هێزەكانی چەكداریی عێراقییەوە، بەپێی هەموو شارەزایی و پسپۆڕییەك، رای دیكەش هەیە كە دەڵێت حەشدی شەعبی دەبێتە سوپایەكی یەدەگ، كە لە كاتی پێویستدا بانگ دەكرێن، ئێستا ركابەریی هەیە لە لێكدانەوە و جیاوازیش هەیە لە نێوان حەشدی شەعبی و حەشدی وەتەنی، كە حەشدی نیشتمانی بۆ ناوچەكانی باكوورو رۆژئاوا بێت، بەڵام حەشدی شەعبی بۆ ناوچەكانی ناوەڕاست و باشوور بێت، هەروەها ناوچەی رۆژئاوا داوا دەكات حەشدی وەتەنی لە رووی جموجۆڵ و كارگێڕی و دارایی بە تەواوی بە حكومەتی خۆجێیی ببەسترێتەوە، بەڵام لە نێو حكومەتی فیدڕاڵ و پەرلەمان دەنگۆی ئەوە هەیە كە دەبێت ئەو هێزە سەر بە فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكان بێت، بەڵام من پێموایە ئەو كێشەیە جارێ لە نێوان ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەماندا دەمێنێتەوە تا ئەو كاتەی رێگە چارەی بۆ دەدۆزرێتەوه.

لە كۆتایی قسەكانیدا یاسرى گوتی: لە هەموو حاڵەتێكدا من بە چاكی دەزانم كە لە ئێستاوە پلانێكی ستراتیژی بۆ ئەم دۆسێیە دابنرێت، تا ئەو كاتەی ئۆپەراسیۆنەكان كۆتاییان دێت و رەنگە وای دابنێین كە داعش كۆتایی نەیەت، بەڵام هەر وەك ئاماژەم پێكرد پێویستە هەموو لایەنەكانی حكومی و سەربازی لە ئێستاوە پلانیان هەبێت بۆ چارەسەركردنی ئەم دۆسێیە، نەك دواتر بە شێوەیەكی كتوپڕو لە ناكاو كارەكە ئاڵۆز بێت كە نەتوانرێت چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوەو ئەو كاتەش رەنگە عێراق بكەوێتە دۆخێكەوە كە هەر خوا بۆ خۆی دەزانێت چارەنووسی بەكوێ دەگات.

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1036)
Top