سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئەمینداری گشتیی یەكێتی جیهانی زانایانی موسڵمان دەكات

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئەمینداری گشتیی یەكێتی جیهانی زانایانی موسڵمان دەكات
ڕۆژی یەكشەممە 2ـی 8ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە پڕۆفیسۆر عەلی قەرەداغی ئەمینداری گشتیی یەكێتی جیهانی زانایانی موسڵمان و سەرۆكی ڕابیتەی ئیسلامیی كورد و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە د. مەریوان ئەحمەد ڕەشید سەرۆكی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی و حوسێن نەجمەدین ڕەسوڵ سەرۆكی دەستەی باڵای كارگێڕیی ڕابیتەی ئیسلامیی كورد هەروەها و شاندێكی هاوبەشی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی و ڕابیتەی ئیسلامیی كورد.

لە دیدارەكەدا باس لە بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان كرا و ئەمینداری گشتیی یەكێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان ستاییشی ڕۆڵی پێشمەرگەی كرد لە بەرپەرچدانەوەی تیرۆریستان و پاراستنی كوردستان و جیهان و دەستخۆشیشی لە سەركردایەتیی كوردستان كرد بۆ ئەو سەركەوتنانەی لە بەرانبەر تیرۆریستان بەدەستیانهێناوە.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا باس لە هەڕەشەی تیرۆریستان بۆ سەر ئاساییشی ناوچەكە كرا و جەختیش لەسەر هەوڵی هەموو لایەك بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هزری توندڕۆیی كرایەوە.

لەبارەی بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان ئەوە دووپات كرایەوە كە پێویستە كێشەكان بە سازان و ئارامی چارەسەر بكرێت و ئاسوودەیی و ئارامیی هاووڵاتیان بە هەند وەربگیرێت.
Top