فڕاكسیۆنی پارتی: پێویستە پەكەكە و توركیا سەروەریی هەرێم پێشێل نەكەن

 فڕاكسیۆنی پارتی: پێویستە پەكەكە و توركیا سەروەریی هەرێم پێشێل نەكەن
فڕاكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمان، لە ڕاگەیەندراوێكدا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی بەرامبەر بۆردوومان و تۆپبارانی توركیا بۆ لێدانی پێگەكانی پەكەكە لە هەرێمی كوردستان، ڕایدەگەیەنێت: ئەگەر ئاشتی و گفتوگۆ بژاردەی پەكەكە و توركیا نییە، با رێز لە ئاشتی و ئارامی و سەرەوەریی هەرێم بگرن و چیدیكە نەبنە هۆی تێكدانی ئارامی و ژیانی خەڵكی هەرێمی كوردستان و سەروەرییەكەی پێشێل نەكەن.

ئەمەش دەقەكەیەتی:

جێگای نیگەرانییە كە بۆردوومان و تۆپبارانی توركیا بۆ لێدانی پێگەكانی پەكەكە لە هەرێمی كوردستان بەردەوامە، ڕەوشەكە بە ئاستێكی مەترسیدار گەییشتووە و زیانی گیانی و ماددیی مەزن بە هاووڵاتیانی سڤیلی هەرێم گەییشتووە. ئێمە لە كاتێكدا كە ئیدانەی بۆردوومانەكان دەكەین، لە هەمان كاتیشدا داوا لە هەردوو لا دەكەین، بگەڕێنەوە بۆ گفتوگۆی ئاشتیانە و لەو ڕێگەیەوە هەوڵی چارەكردنی كێشەكانیان بدەن. هەروەها داوا لە هەدوولایان دەكەین، ئەگەر ئاشتی و گفتوگۆ بژاردەی ئەوان نییە، با رێز لە ئاشتی و ئارامی و سەرەوەریی هەرێم بگرن و چیدیكە نەبنە هۆی تێكدانی ئارامی و ژیانی خەڵكی هەرێمی كوردستان و سەروەرییەكەی پێشێل نەكەن.
لە كۆتاییدا ئومێدەوارین شەهیدەكانمان بە بەهەشت شاد بن و بریندارەكانیش بە زوویی چاك ببەنەوە و ئاساییش و ئارامی هەرێمی كوردستان، نەبێتە قوربانیی شەڕانگێزیی توركیا و پەكەكە و هەموو ئەو لایەنانەی بەهای ئەم ئارامییە نازانن.

فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەڕلەمانی كوردستان .
01/08/2015
Top