تورکیا پەکەکە بە تەقاندنەوەی هێڵی بۆڕی گاز تۆمەتبار دەکات
“تانر یەڵدز” وەزیری وزەی تورکیا ڕایگەیاندووە کە ئەو تەقینەوەیە هەناردە کردنی گازی سروشتی لە ئێرانەوە بۆ تورکیا کە لەڕێگەی “کۆمپانیای بۆتاس”ـەوە ئەنجام دەدرا، راگرتووە.
بەرپرسانی حکوومەتی تورکیا ئەو تەقینەوەیە کە شەوی دووشممە لە پاڕیزگای ئاگری رووی داوە. خستوویانەتە ئەستۆی گریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و ئەمەش لە حاڵێک دایە کە ئەو پارتە هەتا ئێستا تەقینەوەکەی وەئەستۆ نەگرتووە.
بەرپرسانی کۆمپانیای بۆتاس باسیان لەوە کردووە کە کاری چاککردن و نۆژەنکردنەوەی هێڵی بۆڕی گازەکە دەستی پێکردووە و دیار نییە کە چەندە کات دەبات.
حکوومەتی ئێران ساڵانە لە ڕێگەی بۆڕییەوە10 میلیارد سێ جا گازی سروشتی هەناردەی تورکیا دەکات و تورکیا یەک لەسەر چواری گازی وڵاتەکەی لە ئێرانەوە دابین دەکات.
ئەو هێلی بۆڕییەی گازە پێشتریش هێرشی کراوەتە سەر و تەقێندراوەتەوە و چەندین جاریش پارتی کرێکارانی کوردستان بەرپرسیارێتیی تەقینەوەکەی وەئەستۆ گرتووە.
باسنیوز
