پارتی و یەكگرتوو لەگەڵ سازانی سیاسیین
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 28/7/2015 (نێچیرڤان بارزانی) جێگری سەرۆكی پارتیی دیموكراتی كوردستان، پێشوازی لە مامۆستا (محەمەد فەرەج) ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان و شاندێكی یاوەری كرد.
لە كۆبوونەوەیەكدا كە لە پارتیی دیموكراتی كوردستان (فازڵ میرانی) سكرتێری مەكتەبی سیاسی و (ئازاد بەرواری) ئەندامی مەكەبی سیاسی و (دلشاد شەهاب) ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی و لە یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستانیش (د.محەمەد ئەحمەد) یاریدەدەری ئەمینداری گشتی و (خەلیل ئیبراهیم) ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكگرتوو ئامادەی بوون، هەردوولا لەسەر گەیشتن بە چارەسەرێكی سیاسی لەسەر بنەمای سازان لەبارەی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانەوە كۆكبوون بە شێوەیەك لە بەرژەوەندیی گەل و هەرێمی كوردستاندا بێت.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا شاندی پارتی ئەوەی دووپات كردەوە كە لەگەڵ سازانی سیاسین، چونكە ئەو پرسانە پرسی چارەنووسسازن و جگە لە ڕێككەوتن لە نێوان لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لەسەر ئەم پرسانە، هیچ ڕێگایەكی دیكە بۆ چارەسەركردن نین، بە تایبەتی كە ئێستا بارودۆخی عێراق و ناوچەكە بە شێوەیەكی گشتی بە قۆناغێكی زۆر سەختدا تێدەپەڕێت و هێشتا هەڕەشەی تیرۆر لە سەر هەرێمی كوردستان هەیە و هەرێم لە قەیرانێكی ئابووریی قورسدایە و ئەمەش لە هەموو لایەنەكان دەخوازێت ڕەوشی هاووڵاتیان گرانتر نەكرێت، بەڵكو بپڕژێنە سەر ئەولەویەتی ژیان و ژیاری خەڵكی هەرێمی كوردستان و بە زووترین كات كێشەكان چارە بكەن
