پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ سەرۆک کۆماری ئێران : پێشمەرگە جیهانی پاراستووە
رۆژی یەکشەممە 26ـی تەمموز، حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، کە ئەگەر ئێران نەبووایە، ئەوا چەکدارانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، شارەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدایان داگیردەکرد.
ماڵپەڕی فەرمیی پارتی لە سەروتاری ئەمڕۆ سێشەممەیدا، رایگەیاندووە، کە پێویستە حەسەن رۆحانی چەند راستییەک بزانێت و ”خەڵکی شاری خۆشەویستی سنەش لێی ئاگاداربن“.
دەقی خاڵەکانی وەڵامدانەوەی پارتی بۆ رۆحانی:
1/ داعش ڕێكخراوێكی تیرۆریستیی جیهانییە و ئەندامانی ئەم ڕێكخراوە دڕندەیە لە هەموو وڵات و كیشوەرەكان پێكدەهێندرێن. داعش هەڕەشەیە بۆ سەر مرۆڤایەتی و هەموو جیهان، بۆیەشە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەركی هەموو لایەكە.
2/ هەرێمی كوردستانی عێراق سوپاسی ئەو وڵات و لایەنانەی كردووە كە لە شەڕی تیرۆردا یارمەتیی كوردستانیان داوە بە كۆماری ئیسلامیی ئێرانیشەوە. لە ڕاستیدا یارمەتیدانی كوردستان لە شەڕی تیرۆردا یارمەتیدانی خۆیان و پاراستنی خۆیشیان بووە لە هەڕەشەی تیرۆریستان. هەرێمی كوردستان سوپاسی هەموو ئەو لایەنانە دەكات كە بەشدارن لە شەڕی دژی تیرۆریستان و، ئامادەی هەماهەنگیكردنیش بووە لەگەڵ هەر وڵات و لایەنێك كە بیەوێت شەڕی تیرۆریستانی داعش بكات.
3/ كوردستان لەو شەڕەدا باجی گەورەی مرۆیی و ماددیی داوە. پێشمەرگە بە خوێنی خۆی بەرگری لە خاكی كوردستان كرد و تیرۆریستانی تێكشكاند. هەزار و دووسەد شەهیدی قارەمان و حەوتهەزار بریندار، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە ئەوە گەلی كوردستانە نەیهێشتووە دەستی گڵاوی تیرۆریستان بگاتە شارەكانی كوردستان. ئەوە پێشمەرگە بوو بە خوێن و ئازایەتیی خۆی ئوستوورەی داعشی شكاند و نەك تەنیا كوردستانی پاراست، بەڵكو بووە قەڵغانێك بۆ هەموو مرۆڤایەتی. ئەوە پێشمەرگە بوو بووە بەربەستێك كە جیهان و دراوسێكان لە هەڕەشەی ڕاستەوخۆی تیرۆر بپارێزرێن.
4/ هەرێمی كوردستان پێزانینی بۆ یارمەتی و كۆمەكی هەموو لایەك هەبووە و یارمەتییەكانی كۆماری ئیسلامییش لەكاتی خۆی و كاریگەر بوونە، بەڵام ئەوەی لە مەیدان شەڕی كردووە و خوێنی داوە، هێزی پێشمەرگەی كوردستان بووە.
باسنيوز
